Erbil 15°C ھەینی 05 تەمووز 13:28

ڕۆژانە زیاتر لە 90 حاڵەتی توندوتیژی خێزانی لە عێراقدا تۆمار دەكرێت

کوردستان TV
100%

وەزارەتی ناوخۆی عێراق دوێنێ هەینی ئاشكرایكرد، ڕۆژانە زیاتر لە 90 حاڵەتی توندوتیژی خێزانی تۆمار دەكرێت.
لەپارێزگاكانی عێراقدا ڕێژەی بێ وێنەی توندوتیژی خێزانی لە دژی ئافرەتان و منداڵان و بەساڵاچووان و تەنانەت پیاوانیش تۆمار دەكرێت، هاوكات پسپۆڕانی كاروباری كۆمەڵگەی مەدەنیش هۆكارەكەی دەگەڕێننەوە بۆ بارودۆخی ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری و ئەمنی لە وڵاتەكەدا، كە لەسەر  دۆخی گشتی عێراقییەكاندا ڕەنگدانەوەی هەبووە و بووەتە هۆی تێكچوونی باری دەروونی.
بە گوتەی لیوا عەدنان حەمود سەلمان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی خێزان و منداڵ لە توندوتیژی خێزانی، سەر بە دەزگای وەزارەتی ناوخۆی بۆ كاروباری پۆلیس، بەڕێوەبەرایەتییەكە سەرجەم سكاڵاكانی توندوتیژی خێزانی لە ڕێگەی هێڵی گەرمی 139 لە سەرجەم پارێزگاكاندا وەردەگرێت.
هەروەها گوتی: ڕێژەی حاڵەتەكانی دەستدرێژی مێرد بۆ سەر هاوسەرەكەی لە چوارچێوەی دیاردەی توندوتیژی خێزانی لە وڵاتدا گەیشتە 57%ی كۆی حاڵەتەكان، لە كاتێكدا دەستدرێژی ژن بۆ سەر مێردەكەی گەیشتە 17% و ڕێژەی هێرشكردنە سەر منداڵانیش گەیشتە 6% و هێرشكردنە سەر كەسانی بەساڵاچوو-ش، وەك باپیر و داپیرە، گەیشتە 2%.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەڕێوەبەرایەتییەكە 16 بەشی پاراستنی مرۆڤی هەیە كە بەسەر سەرجەم پارێزگاكاندا دابەشكراون، لەنێویاندا دوو بەشی لەلای كەرخ و ڕوسافەیە، كە ڕۆژانە تێكڕا زیاتر لە 90 پەیوەندی تۆمار دەكەن و بەپێی جۆری توندوتیژی ڕیز دەكرێن.
لەلایەن خۆیەوە سوهاد مەعموری، توێژەر لە كاروباری كۆمەڵگا گوتی: تاوانەكانی توندوتیژی خێزانی بەردەوام لە عێراق پەرەدەسەنن، بابەتەكەش دەگەڕێتەوە بۆ چارەسەرنەكردن و گرنگی نەدان لەلایەن حكومەتەوە.
لە ساڵی 2020ەوە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕەشنووسی یاسای "دژی توندوتیژی خێزانی"ی پەسەند كرد و ڕەوانەی پەرلەمان كرد، بەڵام تا ئێستا یاساكە دەرنەچووە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.