Erbil 15°C چوارشەممە 03 تەمووز 05:59

هادی عامڕی ئاماده‌یی هاوكاری بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌ربڕی

کوردستان TV
100%

سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری، ئاماده‌یی هاوكاری بۆ چاره‌سه‌ری ڕیشه‌یی كێشه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌ربڕی.

لە بەردەوامیی کۆبوونەوەکانی شاندی باڵای حکوومەتی هەرێم لە بەغدا، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح هادی عامری کۆبووەوە.

لە دیدارەکەدا سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح ئامادەیی هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستانی لەپێناو چارەسەرکردنی ڕیشەییانەی کێشەی مووچەی مووچه‌خۆران دەربڕی.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی شاندێكی باڵای هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی شاری به‌غدای كرد، ئامانجی سه‌ره‌كی سه‌ردانه‌كه‌ چارەسەركردنی یه‌كجاری كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بوو به‌تایبه‌ت سه‌باره‌ت به‌ پرسه‌كانی مووچەی فه‌رمانبه‌ران و شایستە داراییەكانی هه‌رێمی كوردستان له‌ یاسای بودجه‌دا.

له‌ سه‌ردانه‌كه‌دا تیمێكی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش یاوه‌ری‌ مەسرور بارزانییه‌ كه‌ پێكھاتوون لە قوباد تاڵەبانی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت، ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێم.

شاندی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جگه‌ له‌ هادی عامڕی، تا ئێستا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، عه‌بدوڵه‌تیف ره‌شید سه‌رۆك كۆماری عێراق، خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانی سیادەی عێراقی، ئەیاد عەلاوی سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی عێراقی، حه‌یده‌ر عه‌بادی سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر، محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، عەماڕ حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە و نووری مالیكی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا كۆبووه‌ته‌وه‌‌‌.

مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشتر له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی عێراق ڕایگه‌یاندبوو: لە درێژەی کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق، داوام کرد هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق پاڵپشتی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و مووچەخۆرانی هەرێم بن و مافەکانیان وەک هاووڵاتییانی دیکەی عێراق پێ بدرێت و پارێزراو بێت.

ڕاشیگه‌یاندبوو: هه‌روه‌ها داوام كرد مافەکانی خەڵکی کوردستان تێکەڵ بە بابەتی سیاسی نەکرێت و پاڵپشتی رێککەوتنەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان بن.

بڕیاریشە كۆبوونه‌وه‌كانی مه‌سرور بارزانی و شاندە باڵاكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سەركردەكانی دیكەی عێراق تا دره‌نگانی ئه‌مشه‌و به‌رده‌وام بێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.