Erbil 15°C چوارشەممە 03 تەمووز 06:57

مەسرور بارزانی: نابێت مووچەی فەرمانبەران تێكەڵی ململانێ سیاسییەكان بكرێن

پێویستە بە زووترین كات ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان چیدیكە بۆ وەرگرتنی مافەكانیان لە چاوەڕوانیدا نەبن.
کوردستان TV
100%

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 9/14 لە شاری بەغدا، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی فیدرال و شاندی حكومەتی عێراق كۆبوونەوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا كە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت و ژمارەیەك لە وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، سەرۆكی حكومەت جەختی لە چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور و رێككەوتنەكان كردەوە.
سەرۆكی حكومەت هەروەها دووپاتیكردەوە، كە نابێت شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و مووچەی فەرمانبەران تێكەڵی ململانێ سیاسییەكان بكرێن و پێویستە بە زووترین كات ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان چیدیكە بۆ وەرگرتنی مافەكانیان لە چاوەڕوانیدا نەبن.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی حكومەت بیری هەموو لایەكی هێنایەوە، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندییەكانی خۆی جێبەجێكردووەو هەمان چاوەڕوانییان لە حكومەتی عێراقی فیدراڵ هەیە.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدراڵ، ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور و یاساكان و جەختی لەوە كردەوە، كە بە هەموو لایەك هەوڵ بۆ دابینكردنی پشتیوانیی سیاسی بدرێت لەپێناو دۆزینەوەی هەرچی زووتری چارەسەرە بۆ گشت كێشەكان.
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە كۆبوونەوەكەدا ڕاشیگەیاند؛ بە بڕوای ئێمە عێراق خاوەن سەرمایەیەكی گەورەی مرۆیی و سرووشتییە و بە رەخساندنی كەشێكی لەبار و بەڕێوەبردنێكی باش، هەموو عێراق بەرەو قۆناغێكی پێشكەوتووتر و گەشەسەندووتر هەنگاو دەنێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.