شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ بەغدا، بە ئامانجی تاوتوێكردنی پرسی مووچە لەگەڵ عەبدولـلەتیف ڕەشید، سەرۆك كۆماری عێراق ، كۆبووەوە.
كۆبوونەوەی شاندی حكومەتی ھەرێم لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق تایبەت بوو بە گفتوگۆكردن لەبارەی شایستە داراییەكانی ھەرێم كە لە یاسای بوودجەی گشتیی عێراقدا جێگیركراوە.
دوای كۆبوونەوەكەش مەسرور بارزانی،سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند: ئەمڕۆ لەگەڵ لەتیف ڕەشید، سەرۆك كۆماری عێراق تاوتوێی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدامان كرد، هەروەها گفتوگۆمان لەسەر دۆخی كەركووك و شنگال و كێشە داراییەكان كرد.
دەشڵێت: داوام لە سەرۆك كۆمار كرد وەكو پارێزەری دەستوور دەسەڵاتەكانی خۆی بەكار بهێنێت.
شایانی باسە ئەمڕۆ پێنجشەممە، شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە ئامانجی چارەسەركردنی پرسی مووچە و شایستە داراییەكان، گەیشتە بەغدا.
شاندەكەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كە لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكرێت، ھەروەھا پێكھاتووە لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران و ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووریی و ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئومێد سەباح ،سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم ،سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێم.
مەسرور بارزانی بۆ تاوتوێكردنی پرسی مووچە لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق كۆبووەوە
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.