لەگەڵ بەردەوامی داخستنی زۆرێك لە ڕێگاكانی ئەو گوندانەی مەغریب كە لە بەرەبەیانی شەممەی ڕابردوودا بوومەلەرزەی لێكەوتەوە، زۆرێك لە گوندنشینانی مەغریبی ڕێگایەكیان بۆ گواستنەوەی یارمەتییەكان نەدۆزییەوە جگە لە پەنابردنە بەر ڕێگا سەرەتاییەكان.
ئەوان ناچاربوون گوێدرێژ بۆ گواستنەوەی خۆراك و پێداویستی بۆ ناوچە دوورە دەستەكانیان بەكاربهێنن، كە بە ئۆتۆمبێل گەیشتنیان سەخت بوو.
لەوبارەیەوە ئیدۆ حەمەد محەمەد-ی تەمەن 42 ساڵ كە دانیشتووی گوندێكی دوورە دەستە گوتی:
تا ئێستا هیچ بەرپرسێكی حكومی سەردانی گوندەكانی نەكردووە و خەڵكێكی زۆریش گیانیان لەدەستداوە، هەندێك خێزان 15 كەس لە خزمەكانیان لەدەستداوە، هەندێكی تریش 12 كەس.
هەروەها لە بەرامبەردا عەبدوڵڵا حسێن (40 ساڵ) باسی بارودۆخی هەندێك گوندی كرد و گوتی:لێرە ڕێگایەك نییە و كەس ناتوانێت ئەو بەردانەی لە شاخەكە داڕماون لاببات.بۆیە گواستنەوەی خۆراك و پێداویستی قورسە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، دوای بوومەلەرزەكە ئەمە شەشەمین ڕۆژە ئێمە هێشتا لە شوێنی كراوەدا دەخەوین و شوێنێكمان بۆ خەوتن نییە.
جێگای سەرنجە بەهۆی بوومەلەرزەكەی مەغریب دوو هەزار و 946 كەس گیانیان لەدەستداوەو پێنج هەزار و 674 كەسیش برینداربوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.