ئێوارهی ڕۆژی چوارشەممە 13ی ئەیلولی 2023، بە ئامادەبوونی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەلێکساندەر چاڵینبێرگ، وەزیری دەرەوە نەمسا، کۆڕبەندی بازرگانی بازرگانانی نەمسا و هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.
لە وتەیەکدا سەفین دزەیی، ئاماژەی بە پەیوەندی دۆستایەتی نێوان نەمسا و عێراق و هەرێمى کوردستان کرد و خۆشحاڵی خۆی بەبۆنەی دووبارە کردنەوەی باڵیۆزخانەی نەمسا لە بەغدا دەربڕی.
هەروەها ئاماژەشی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان چاوی لەوەیە ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا نەمساییەکان بێنە هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنان بکەن، چونکە هەرێمی کوردستان دەرفەتی باشی تێدایە بۆ کۆمپانیا بیانییەکان و راشیگەیاند:''هەرێمی کوردستان چاوی لە هەماهەنگی بازرگانی زیاترە. ''
سەفین دزەیی ئاماژەشی بەوەدا کە وەبەرهێنانی لە هەرێمی کوردستان زۆر دۆستانەیە و هەرێمی کوردستانیش شتی زۆری هەیە پێشکەشی بکات بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی تێدا بکرێت و هیواشی خواست کە گەڕانەوەی ئەمجارەیان بۆ هەرێمی کوردستان، مەودا درێژ بێت و بۆ کاتێکی زیاتر لەناوچەکە بمێننەوە راشیگەیاند:''بۆشاییەکی زۆر لە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان هەیە و کۆمپانیا نەمساییەکان دەتوانن ئەوان بۆشاییە پڕ بکەنەوە. ''
لەلایەن خۆیەوە وەزیری دەرەوەی نەمسا رایگەیاند: ''خۆشحاڵم سەردانی هەرێمی کوردستانم کردووە.'' و ئاماژەشی بە دووبارە کردنەوەی باڵیۆزی نەمسا لە عێراق کرد و ڕاشیگەیاند:''نەمسا چاوی لە ئاڵوگۆڕی زیاتر و بازرگانی زیاترە نەک هەر لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە تەواوی عێراق. ''
وەزیری دەرەوەی نەمسا ئاماژەشی بەوەدا کە کۆمپانیاکانی نەمسا جێگە متمانەن و کوالێتیان بەرزە و لە هەمانکاتدا ئەزموونیا زۆرە کە ئەمەش وا دەکات کۆمپانیا نەمساییەکان جێگەی پابەندبوون و متمانە بن و ڕاشیگەیاند:''دوێنێ گرێبەستێکیان واژۆ کردووە''.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.