Erbil 15°C دووشەممە 01 تەمووز 09:16

سەرۆكی حكومەت: سوپاسێكی بێپایانم بۆ خۆڕاگریی مامۆستایان هەیە

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەممە، 13 ی ئەیلوولی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، قوتابخانەی دواناوەندیی تێكەڵاوی گوندی كۆریی كردەوە و لە هەمان قوتابخانە زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا.
سەرۆكی حكومەت لە گوتارێكدا سوپاسی خۆڕاگریی مامۆستایانی كوردستانی كرد كە نەیانهێشت پرۆسەی خوێندن لە كوردستان بوەستێت.
ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
مامۆستایانی بەڕێز
قوتابیانی خۆشەویست
ئامادەبووانی هێژا
پیرۆزباییی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن لە ئێوەی خۆشەویست دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم. خۆشحاڵم كە لێرەین لەگەڵ ئێوە، بۆ كردنەوەی ئەم قوتابخانە نوێیە كە بە شێوەیەكی زۆر جوان و سەردەمییانە كراوە.
بیرمە دوو ساڵ پێش ئێستا كە هاتین بۆ سەردانی ئەو زیانانەی بەهۆی لافاو بە گوندی كۆری و ئەم قوتابخانەیەی ئێوە كەوتبوو، هاتین بۆ سەردانی ئەم شوێنە، ئەو وەختە گەنجێك هات بۆ لای من، من وامزانی داوای هاوكاری بۆ خێزانەكەی دەكات، بەڵام داوای كرد و گوتی: دەمانەوێ قوتابخانەیەكمان بۆ دروست بكەن. ئێمە هەر لەو وەختە داوامان كرد بۆ ئەوەی بتوانین ئەو قوتابخانەیە دروست بكەین، داوامان لە كەرتی تایبەت كرد. بە سوپاسەوە ئەو كاتە كاك شێخ فاخیر شێخ تەیب، ئەم ئەركەی گرتە ئەستۆ و داواكەی قەبووڵ كرد و ئەم قوتابخانەیەی دروست كرد، لێرەوە جێی خۆیەتی من سوپاسی كاك شێخ فاخیر و گرووپەكانی قەیوان بكەم كە ئەمە چەندین قوتابخانەیە پێشكەشی قوتابییە خۆشەویستەكانی كوردستانی دەكەن، زۆر زۆر سوپاس، هیوادارم نموونەتان زۆر بێت.
بۆ ئێمە، بۆ قوتابییە خۆشەویستەكان، بۆ كوردستان، پەروەردە و خوێندن سیمای داهاتووی وڵاتەكەمان پێشان دەدات، بۆیە گرنگییەكی زۆر بە خوێندن و پەروەردەی نەوەی نوێ و داهاتووی كوردستانیش دەدەین. لێرە دەبینین كە قوتابییە خۆشەویستەكان دێنە ئێرە، نەك تەنیا فێری خوێندن دەبن، بەڵكوو فێری پەروەردەش دەبن. دەمانەوێ بە باشترین شێوە خوێندن و پەروەردە لە كوردستان بەرەو پێشەوە ببەین، بۆ ئەوەی قوتابیانی خۆشەویستمان بتوانن ئەو بەهرانەی كە هەیانە بۆ بەرژەوەندی و پێشخستنی وڵاتەكەیان بەكار بهێنن، بۆ ئەوەی وا فێر بن وڵاتەكەیان خۆش بوێ، ژینگەی جوانی كوردستان بپارێزن، بۆ ئەوەی قەدر و قیمەتی زەحمەتیی پێشمەرگە و ئەوانەی خۆیان ماندوو كردووە و ئەم كوردستانەیان بۆ دروست كردووین، بە بیریان بێتەوە و قەدریان بزانن و پارێزگاریی لێ بكەن. لێرەوە جێی خۆیەتی من سوپاسێكی تایبەتی وەزیری پەروەردە كاك دكتۆر ئالان و هەموو ستاف و كارمەند و فەرمانبەرانی وەزارەت و كەرتی پەروەردە بكەم كە خۆیان زۆر ماندوو كردووە لەوەی بە باشترین شێوە خزمەتی قوتابییە خۆشەویستەكان بكەن.
دەزانم كە كەموكورتی زۆر بووە، بەڵام لەو ماوەیە هەوڵی زۆر جددی دراوە بۆ ئەوەی چاكسازی لە كەرتی پەروەردەدا بكرێت و شتی زۆر باشیش كراوە. دەزانم شتی هەڵە زۆر هەبووە، بۆ ئەوەی ئەم هەڵانە ڕاست بكرێنەوە كاری جددی كراوە، بەڵام دیسانیش ئێمە لە دۆخێكی ئاسایی نەبووین، زۆر كێشە و گرفت بۆ خەڵكی كوردستان دروست كراون، بەڵام زاڵ بووین بەسەر ئەو كێشە و گرفتانەدا. ئەو ماندووبوونەی ئەو مامۆستایانەی كە بەردەوام بوون لە خزمەتكردن و وانەگوتنەوە بە قوتابیان و كەرتی پەروەردە، جێی شانازی و پێزانینی هەموو لایەكمانە. من سوپاسێكی بێپایانم بۆ خۆڕاگریی مامۆستایان هەیە كە هەمیشە هەموو هەوڵێكیان داوە قوتابییە خۆشەویستەكانی ئێمە پێبگەیەنن و نەهێڵن كەرتی پەروەردە دوابكەوێ یان پەروەردە پەكی بكەوێت.
هەموومان دەزانین لەوانەیە زۆر فشار بخرێنە سەر هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی ئەزموونەكەی ئێمە دووچاری شكست ببێت یان بەرەوپێشەوە نەچێت، یەكێك لە هۆكارەكانی بەرەوپێشچوونی وڵاتەكە ئەمەیە كە نەوەی داهاتووی ئێمە باشتر بێت، خوێندنی باشتر، پەروەردەی باشتر، بتوانێت وڵاتێكی باشتر و خۆشترمان بۆ ئاوەدان بكات. بۆیە نابێ بە هیچ شێوەیەك ئێمە بكەوینە ژێر فشاری هیچ لایەنێك كە خوانەخواستە نەیەڵین كەرتی پەروەردە یان خوێندن بەردەوام بێت. من زۆر زۆر سوپاسی ئەو مامۆستا بەڕێزانە دەكەم كە دەزانم لە ڕووی ماددییەوە چەند تووشی گرفت بووبن، بەڵام ئەوەی ئێمە پێمان بكرێ لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی ئەم قەیرانە و ئەم دۆخە نالەبارەی ئێستا هەیە، تێپەڕێت.
بەتەماین سەردانی بەغدا بكەین بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ئاشتییانە هەوڵی چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانمان بدەین. پشوودرێژیی ئێمە مانای لاوازیی هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكوو خەمخۆریی ئێمەیە بۆ ئەوەی نەهێڵین كێشە و گرفتەكان بە ئاقارێكی تردا ببرێن و دەمانەوێ بە شێوەیەكی ئاشتییانە كێشەكانمان چارەسەر بكەین و هەموو شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان و مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان دەستەبەر بكەین. دەمانەوێ سەردانی لایەنە سیاسییەكان بكەین بۆ ئەوەی بزانین بۆچی وەڵامی چاكەی خەڵكی كوردستان بەم شێوەیە دەدرێتەوە؟ كاتێك كە خەڵكی كوردستان باوەشیان بۆ هەموو خەڵكی عێراق كردەوە، چاومان لەوەیە كە ئێستا هەموو خەڵكی عێراقیش بەرگری لە ماف و شایستەكانی خەڵكی كوردستان بكات. دەمانەوێ بزانین كە لەبەر چی ئەو سیاسەتی برسیكردنی هەرێمی كوردستان دەگرێتە بەر؟ ئێمە پێمانوایە سەركەوتنی كوردستان سەركەوتنی هەموو عێراقە. بووژانەوەی ئابووریی كوردستان بووژانەوەی ئابووریی هەموو عێراقە.
لێرەدا هەندێك كێشە و گرفت هەن، ئێمە پێشتر لە سەردانەكانماندا زۆر ڕێككەوتنی باشمان لەگەڵ بەڕێز سەرۆك وەزیران ئەنجام دا و ئەو ڕێككەوتنانە پێمانوابووە دەبنە هۆكارێك بۆ سەقامگیریی زیاتری عێراق و پێشتخستنی وڵاتەكەمان، بەڵام بەداخەوە ڕێگرییان لێ كرا، نەیانهێشت ئەو ڕێككەوتنانەی ئێمە لەگەڵ سەرۆك وەزیران بكەونە باری جێبەجێكردن. بەڵام ئێمە داكۆكیی لەسەر ئەوە دەكەینەوە كە جارێكی تریش ڕێگەی چارەسەر بدۆزینەوە. بۆیە لە سەردانەكانمان بۆ بەغدا هەموو هەوڵێك دەدەین بە شێوەیەكی ئاشتییانە چارەسەری كێشە و گرفتەكان بكەین، بۆ ئەوەی بەشێك لەو مافەی كە مامۆستایانیش دەگرێتەوە، ئەوەش بێتە دی، ئیشەڵا بێ ئەوەی كە خەمی مووچە و بژێویی ژیانی خۆیان بێ، بەردەوام بن لە پەروەردەكردنی گەنج و قوتابییە خۆشەویستەكانمان.
من جارێكی تر سوپاسی هەمووتان دەكەم. هیوادارم سەركەوتوو بن و تەندروست بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.
پیرۆزباییتان لێ دەكەم جارێكی تر.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.