Erbil 10°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 04:55

ناتۆ ئامادەكاری بۆ دەستپێكردنی گەورەترین مانۆڕی سەربازی دەكات

کوردستان TV
100%

ڕێكخراوی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی ناسراو بە (ناتۆ) خۆی ئامادە دەكات بۆ ئەنجامدانی گەورەترین مانۆڕی سەربازی هاوبەش لە دوای جەنگی ساردەوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز، مەشقەكانی هاوپەیمانییەكە لە چوارچێوەی هەڵمەتێكی ناتۆدایە بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانەكان و دامەزراندنی هاوپەیمانییەك كە ئامادەیە بۆ شەڕ، ئەمەش دوای داگیركردنی ئۆكرانیا لەلایەن مۆسكۆوە.
بەرپرسانی ناتۆ ڕایانگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنەكە لە بەهاری ساڵی داهاتوو دەستپێدەكات، پێشبینیش دەكرێت نزیكەی 41 هەزار سەرباز و 50 كەشتی بەشداربن، هەروەها مانۆڕی تایبەت بۆ بەرپەرچدانەوەی  هەر هێرشێكی ڕووسیا بۆ سەر  وڵاتانی ناتۆ دەكرێت.
هەروەها ئەم مەشقە لە ڕووی توانای تەكنیكییەوە یەكەم مەشقە لە جۆری خۆیدا، بەو پێیەی پێشبینی دەكرێت كە داتای جوگرافی جیهانی ڕاستەقینە بۆ دروستكردنی سیناریۆی واقیعیتر لە مەشقەكاندا بەكاربهێنرێت.
وابڕیارە كۆی ئەو وڵاتانەی كە بەشداری  لەمانۆڕە سەربازییەكدا دەكەن بگاتە 32 وڵات.
پێشبینیش دەكرێت ئەو مانۆڕانە مەشقی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەكانی دەرەوەی سنووری ڕاستەوخۆی وڵاتانی ئەندامیش لەخۆ بگرێت.
شایانی باسە ینس ستۆڵتنبێرگ، سكرتێری گشتی ناتۆ لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا ڕایگەیاند: هاوپەیمانییەكە كار دەكات بۆ "گۆڕینی هێزی وەڵامدانەوە" كە ژمارەیان 40 هەزار سەربازە و  ئەو ژمارەیەش بۆ زیاتر لە 300 هەزار سەرباز زیاد دەكات .
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.