سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق کرد و جەختی کردەوە کە گفتوگۆكان بۆ گەیشتن بە چارەسەركردنی كێشەكان بەردەوام دەبێت.
سەرۆک مەسعود بارزانی ئەمڕۆ دووشەممە 11ـی 09ـی 2023 لە سەڵاحەدین پێشوازی لە ئەلینا ڕۆمەناوسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و عێراق و ئاستەنگ و گرفتەكانی بەردەم پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵ و پشتبەستن بە دیالۆگ لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان ئاڵوگۆڕ كرا.
هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ حكوومەتی فیدراڵی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند بە مەبەستی بەردەوامبوونیان لە گفتوگۆ و دانوساندن و گەیشتن بە چارەسەری گونجاو بە تایبەت لە بابەتی بودجە و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی دیکە. هەروەها باڵیۆزی ئەمەریكا دڵگرانیی خۆی لەمەڕ گرژی و ڕووداوەكانی كەركووک و قوربانیبوونی هاووڵاتییان دەربڕی. هەر پەیوەست بەم باسەوە سەرۆک بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ سوودانی دووپات كردەوە و ڕاشیگەیاند كە گفتوگۆكان بۆ گەیشتن بە چارەسەركردنی كێشەكان بەردەوام دەبێت، هەروەها جەختیشی لەوە كردەوە كە چاوەڕوانی ئەوەن كە هەنگاوی پێویست بنرێت بۆ ڕاستكردنەوەی بارودۆخ و پاراستنی سەقامگیریی كەركووک و گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی لەبەرانبەر ئەو كەسانە كە بوونە هۆی نانەوەی ئاڵۆزی و ڕشتنی خوێنی هاووڵاتیانی كەركووک.
بارودۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی و پێویستیی هاودەنگیی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و چارەسەربوونی كێشەكان تەوەرێكی دیکەی ئەو كۆبوونەوەیە بوو و سەرۆک بارزانی جەختی كردەوە كە درێخی ناكات لە پشتیوانیكردنی بۆ چارەسەربوونی گرفتە ناوخۆییەكانی هەرێمی کوردستان، بە پێویستی زانی ڕێگەی دیالۆگ و میانڕەوی بۆ چارەسەری گرفتەكانی نێوان هەردوولا بگیرێتەبەر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.