Erbil 18°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 11:07

مه‌سرور بارزانی: ئازادیخوازانی هەموو جیهان بە ڕێزەوە لە شۆڕشی ئەیلوولی گەلی كوردستان دەڕوانن

کوردستان TV
100%


سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان  په‌یامێكی لە شەست و دووەمین ساڵڤەگەڕی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول بڵاوكرده‌وه‌.
مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌ێنێت،لە شەست و دووەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا، بەوپەڕی ڕێز و شكۆ و پێزانینەوە، یادی هەموو تێکۆشەر و پێشمەرگە قارەمانەکان و گشت بەشدارانی ئەم شۆڕشە گشتگیر و سەرتاسەرییەی کوردستان دەکەینەوە.
مه‌سرور بارزانی ده‌شڵێت: شۆڕشی ئەیلوول، گەورەترین شۆڕشی گەلی کوردستان بوو کە هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی گەلی کوردستان لەژێر سەرکردایەتیی ڕێبەری نیشتمانییمان جەنابی بارزانیی نەمر، لەپێناو ئامانجی باڵای هاوبەشدا، بەشدارییان تێدا کرد و چەندین داستانی سەرکەوتنی تێدا تۆمار كرا و سەروەری و دەستکەوتی گرنگی بۆ گەلی کوردستان بەدەست هێنا. لەو ڕۆژگارە سەختەدا بەرخودان و خۆڕاگری و قارەمانیەتیی پێشمەرگە نەبەزەكان و خەڵکی کوردستان بە گشتی، لە جیهاندا دەنگی دایەوە و تا ئێستاش نەك هەر ئازادیخوازانی كوردستان، بەڵكوو ئازادیخوازانی هەموو جیهان، بە ڕێزەوە لە شۆڕشی ئەیلوولی گەلی كوردستان دەڕوانن.
سه‌رۆكی حكومه‌ت راشیده‌گه‌ێنێت، بۆیە یادکردنەوەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، پێویستە ببێتە هاندەرێکی زیاتر بۆ هەمووان تا پێداگر بین لە سەر وەدەستهێنانی مافە دەستوورییەكانمان و بەوپەڕی خەمخۆری و دڵسۆزییەوە، هەموو ئەو دەستکەوتە نیشتمانییانەمان بپارێزین کە بەرهەمی ڕەنج و خەبات و قوربانیدان و شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی گەلی کورستانە، بەتایبەتی شۆڕشی ئەیلوول کە یەکێک لە دەستکەوتە مێژووییەکانی، ڕێککەوتننامەی یازدەی ئاداری 1970 بوو کاتێک حکومەتی ئەوکاتی عێراق ناچار کرا دان بە بەشێک لە مافەکانی گەلی کوردستاندا بنێت.
 له‌ كۆتاییدا مه‌سرور بارزانی رایده‌گه‌ێنێت، شۆڕشی ئەیلوول، بۆ هەموو دوژمنان و نەیارانی كوردستانی سەلماند، كە گەلی كوردستان ڕێی كۆڵنەدان و سەرفرازیی گرتووەتە بەر، نەك خۆڕادەستكردن و ملكەچكردن، دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.