Erbil 15°C شەممە 29 حوزەیران 05:11

ته‌واوی زانیارییه‌كان له‌سه‌ر بڕیاری لێخۆشبوونی 20%ی قه‌رزه‌كانی هاتوچۆ

کوردستان TV
100%

وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی به‌رچاوڕوونی زیاتر بۆ هاووڵاتییان، هه‌ر ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتری له‌سه‌ر بڕیاری لێخۆشبوونی 20%ی قه‌رزه‌كانی هاتوچۆ بڵاو كرده‌وه‌.

به‌ واژووی ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆ، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م بڕیاردرا لێخۆشبوون به‌ ڕێژه‌ی 20% له‌ قه‌رزه‌كانی سزای هاتوچۆ بكرێت، ئه‌و لێخۆشبوونه‌ش بۆ ماوه‌ی 6 مانگ تاكو 28/2/2024 به‌رده‌وام ده‌بێت.

وه‌زاره‌تی ناوخۆ سه‌باره‌ت به‌ فه‌رمانه‌كه‌ ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتر ده‌خاته‌ڕوو كه‌ بریتییه‌ له‌مانه‌ی خواره‌وه‌:-

بە گوێرەی فەرمانی ئاماژە بۆ کراو، ئەو هاووڵاتییانەی قەرزی پێشووی سزاکانی هاتوچۆیان لەسەرە لەگەڵ ئەوانەش کە لە ماوەی دیاریکراو لە فەرمانەکە سەرپێچی هاتوچۆ دەکەن و سزا دەدرێن، لەبەر بەرژەوەندی گشتی و ڕەچاوکردنی باری دارایی هاووڵاتییان، تەنیا 80٪ی بڕی سزاکە دەدەن.

واتا هەر هاووڵاتییەک سزاکانی هاتوچۆی لەسەر بێت تا 28/2/2024 تەنیا 80٪ی سزاکە پاکتاو دەکات و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لێخۆشبوون لە 20٪ی سزاکەی بۆ دەکات.

هەر لە فەرمانە وزارییەکە هاتووە:

"لە دوای کۆتاییهاتنی ئەو ماوەیە، هەر کەسێک پێبژاردن نەدات لە ماوەی (30) رۆژدا، ئەوا بە پێی بەشی (20) لە یاسای هاتوچۆ ژمارە (86)ی ساڵی 2004 مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت".

واتا:

لە دوای تێپەڕبوونی ئەو شەش مانگەی لە فەرمانی وزاری سەرەوە هاتووە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان کار بە بڕگەی (3) لە بەشی (20) لە یاسای هاتوچۆ ژمارە (86)ی ساڵی 2004 دەکەن کە باس لەوە دەکات کە سزای سەرپێچی هاتوچۆ پێویستە لە ماوەی (30) لە ئەنجامدانی سەرپێچییەکە بدرێت، بە پێچەوانەوە سزاکە دەبێتە دوو بەرامبەر.

واتا هەر هاووڵاتییەک لە 29/2/2024 هەر جۆرە سەرپێچییەکی هاتوچۆ بکات و سزای دارایی بدرێت، پێویستە لە ماوەی یەک مانگ بڕی ئەو سزایە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی تایبەتمەند پاکتاو بکات، ئەگەر لە (30) ڕۆژ زیاتر بە سەر سەرپێچیەکە تێپەڕ بێت، بڕی سەرپێچییەکە دەبێتە دوو بەرامبەر.

شوفێرانی ئازیز ئاگادار دەکەینەوە کە ئامانجی سزای سەرپێچی بۆ ڕێگریکردنە لە ئەنجامدانی سەرپێچی نەک بۆ سزادانی خەڵک. کاتێک شوفێر تا مۆڵەتەکەی نوێ دەکاتەوە یان ئۆتۆمبێلەکەی دەفرۆشێت، سزاکانی پاکتاو ناکات، سزاکەی کاریگەری نابێت و نابێتە ڕێگر لە دووبارە نەبوونەوە. بۆیە چەندین شوفێر کەوتوونەتە ژێر قەرزی گەورەی سزاکانی هاتوچۆ و بە ئاسانی ناتوانن پاکتاوی بکەن.

بە پێچەوانەوە، ئەگەر شوفێر مانگانە کە سزای هاتە سەر و پێش 30 سی ڕۆژ ناچار بوو سزاکەی بدات، بێگومان پێداچوونەوە بە خۆی دەکات و هەوڵ دەدات سەرپێچی نەکات، بەم جۆرەش ناکەوێتە ژێر قەرزێکی گەورە و مەترسیش لەسەر خۆی و خەڵکی دیکە کەم دەکاتەوە.

داوا لە شوفێرانی ئازیز دەکەین کە خۆیان لە سزاکانی هاتوچۆ بپارێزن و پابەند بن بە ڕێنماییەکان.

ئەوانەی سزایان لەسەرە سوود لەو دەرفەتە وەربگرن و تا 28/2/2024 پاکتاوی سزاکان بکەن و سوود لە 20٪ی لێخۆشبوون وەربگرن. هەروەها لە دوای ئەو ڕێکەوتە خۆیان بپارێزن و ئەگەر سەرپێچیان کرد مانگانە سزاکانی خۆیان پاکتاو بکەن دەنا بڕی سزاکان دەبێتە دوو بەرامبەر.

هیوادارین هەموولایەک پابەندی یاسا و ڕێنماییەکان بین و دوور بکەینەوە لە سەرپێچییەکانی هاتوچۆ.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.