Erbil 15°C یەکشەممە 02 حوزەیران 13:05

دەرمانی کوالێتیی بەرز بە نرخێکی هەرزان بۆ نەخۆشخانە حکومییەکان دابین دەکرێت

کوردستان TV
100%


فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، دەرمانی کوالێتیی بەرز بە نرخێکی هەرزان بۆ نەخۆشخانە حکومییەکان دابین دەکرێت.
فه‌رمانگه‌ رایگه‌یاندووه‌، کابینەی نۆیەم، لە هەوڵەکانی بۆ بەرەوپێشبردنی سێکتەری تەندروستی بەردەوامە و دەرمانی کوالێتیی بەرز، بە نرخێکی هەرزان بۆ نەخۆشخانە حکومییەکان دابین دەکات؛ لەو پێناوەشدا پڕۆژەیەکی هاوبەشی لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای ناوخۆیی راگەیاندووە.
راشگه‌یاندراوه‌، پڕۆژەی هاوبەشی کڕینی دەرمان، بۆ بەناوەندییکردنی کڕینی دەرمانە لە نەخۆشخانە حکومییەکانی سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، ئەمەش بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان لە هەبوونی دەرمان و نەخۆش ناچار نەبێت لە دەرمانخانەکانی دەرەوە، بە نرخێکی بەرز بکڕێت.
د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پڕۆژەی هاوبەشی کڕینی دەرمان بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاندووه‌: ''لە ڕێگەی تیمی ڕاوێژکاری ئەنجومەنی وەزیران، لەماوەی ساڵی ڕابردوودا بەدواداچوون بۆ پڕۆژەیەک کرا، ئەگەر بێتوو هەمان دەرمان بە هەمان نرخ و کوالێتی بۆ هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان لە یەک سەرچاوەوە بکڕرێت، دەرمان کوالێتیەکەی باشتر و هەرزانتر دەبێت، هەروەها گرێبەستەکەشی درێژخایەنتر دەبێت و زۆربەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و ناوخۆییەکانیش دەتوانن بەشداربن، ئەم پڕۆسەیە دوای بەدواداچوونیکی باش کرا و لە ئەنجامدا نزیکەی 27٪ـی نرخەکان دابەزێنران، واتە خەرجیی کەمبووە و کوالێتیەکەشی بەرزتربووە، ئێستا دەرمانەکان هەرزانتر دەکڕرێن و بەشێکی زۆریشی بەرهەمی کارگە و کۆمپانیا ناوخۆییەکانە.''
فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، ئەم پڕۆژەیە 156 جۆری دەرمان ''کە بەشێکیان دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەن و سەرەکییەکانن'' بە کوالێتییەکی بەرز دابین دەکات و دڵنیایی دەدرێتە نەخۆشان کە لەمەودوا دەرمان بە نرخێکی گونجاو لە نەخۆشخانە حکومییەکان بەردەست دەبێت.
د.سامان بەرزنجی، باسی لە کورتهێنانی دەرمان کرد و ڕاشیگەیاندووه‌: ''ئەم پڕۆژەیە تا ڕادەیەکی باش کورتهێنان کەم دەکاتەوە، چونکە کورتهێنان پێشتر چەند هۆکارێکی هەبوو، یەكێك لە هۆکارەکان هەندێك جار کۆمپانیاکان گرێبەستیان تەواو دەبوو، تا گرێبەستێکی نوێ دەکرا ئەم ماوەیە کورتهێنان هەبوو، ئەمجارە گرێبەستەکە دوو ساڵە و ماوەیەکی درێژترە. هەروەها کێشەی نەختینە هەبوو هەندێك کۆمپانیا نەدەهاتنە نێو پڕۆسەکە و دەرمانییان بە حکومەت نەدەفرۆشت، لەبەر ئەوەی پێویستی بەوە هەبوو پارەکە کاش وەربگرێت.''
وەزیری تەندروستی ئەوەشی گوتووه‌: ''نامانەوێت تووشی کورتهێنان و بۆشاییەکی گەورەبین لە نەخۆشخانەکاندا و پڕۆسەی کڕینی دەرمان لە بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکان ڕابگرین و یەکسەر دەست بکەین بە شێوازی نوێی گرێبەستکردن، چونکە ئەمە بۆشاییەك دروست دەکات. هاوتەریب ئێستا لەسەر سیستەمی کۆن بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی دەرمان بەشێوەی تەندەرینگ دەکڕن و لە هەمان کاتیشدا شێوازی نوێ دەیخەینە ناو پڕۆسەی دابین کردن، لە ماوەی داهاتوودا دابینکردنی دەرمان دەبێتە پڕۆسەیەکی زۆر باش بە شێوازی نوێی گرێبەستکردن و کێشەی دەرمان لە کەرتی حکومیدا نامێنێت.''
له‌ كۆتایییدا فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاندووه‌، ئەم پڕۆژەیەدا10 کۆمپانیای ناوخۆیی بەشدارن، سەرجەم شایستە داراییەکانیان مسۆگەر کراوە و پڕۆسەکەش لە فروانبووندا دەبێت، ئەمە جگە لەوەی کە لەچوارچێوەی چاکسازیکردن لەو سێکتەرەدا، توانراوە بەرێژەی 35٪ خەرجییەکان کەمبکرێنەوە.

 

شوان عه‌زیز

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.