ئهمڕۆ چوارشەم بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدانی ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی کەرکووک دەربڕی و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست. لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران بە توندی سەرکۆنەی ئەو توندوتیژیەی کرد کە بەرامبەر هاووڵاتییانی سیڤلی کەرکووک کرا کە بە شێوەیەکی زۆر ئاشتییانە خۆپێشاندانیان کرد و ناڕەزاییان بەرامبەر ئەو ستەمەی لە هاووڵاتییانی کوردی کەرکووک دەکرێت نیشان دا، بەڵام بەداخەوە بە تەقەکردن و خوێنڕشتن وەڵامیان درایەوە.
ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە حکوومەتی فیدڕاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە ئەوانەی چەکیان بەکارهێناوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران و بوونە هۆی شەهیدکردنی هاووڵاتییانی سیڤیل لە کەرکووک، پێویستە بە زووترین کات ڕێکاریی یاسایی و قەزاییان لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر و بدرێن بە دادگا تا بە سزای خۆیان بگەن.
پاشان گفتوگۆ لەبارەی دوا پێشهاتەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی دارایی 2023 کرا، دواتر ئەنجامی گفتوگۆی شاندی دانوستانی هەرێمی کوردستان لە دوا کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدراڵ لە بەغدا لەبارەی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن ئەندامانی شاندەکە خرایە ڕوو.
سەرۆک وەزیران بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە سوپاس و پێزانینی ئاراستەی شاندی حکوومەتی هەرێم کرد کە بە باشترین شێوە و بە داتا و زانیاری وردەوە و پشتبەست بە بەڵگە دەستووریی و قانونییەکان، داکۆکیان لە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە. ئەوەش دووپاتکرایەوە کە حکوومەتی هەرێم خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ بۆ هەر هەوڵێک کە پێویست بێت بۆ دابینکردنی مووچە و شایستەکانی هەرێم، کە جێگەی داخ و نیگەرانیمانە بەهۆی خەرجنەکردنیی شایستەکانی هەرێـم لەلایەن بەغدا، مووچەخۆران دوو مانگە مووچەیان دواکەوتووە، لە کاتێکدا هەرێم هەرچی پێویست بووە و هەر پابەندییەک بەرامبەر حکوومەتی فیدراڵ هەبێت لە چوارچێوەی یاسای بودجە و دەستوور جێبەجێی کردووە.
ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە لەبەرامبەر پابەندییەکانی هەرێم، پێویستە کۆی گشتی شایستەی داراییەکانی بۆ خەرج بکرێت کە بە گوێرەی خشتەکانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 دەکاتە بڕی 16 تریلیۆن و 498 ملیار دینار، کە مانگانە بە گوێرەی ژمارەکانی بودجە دەکاتە یەک ترلیۆن و 375 ملیار دینار، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆی لە ڕۆژی 2023/9/3 لە دەرەوەی خشتەکانی بودجە و شایستەداراییەکانی هەرێم، بریاری دا کە بە شێوازی قەرز تەنیا بڕی 500 ملیار دینار لە مانگەکانی 9، 10 ،11 خەرج بکرێت، لە کاتێکدا لە دوای مانگی 6ـەوە ، هیچ بڕە پارەیەک بۆ مووچەی مانگەکانی 7 و 8 خەرج نەکراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەر لەگەڵ کەوتنەبواری جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق لە 2023/6/25 هەرێم پابەندییەکانی خۆی بە گوێرەی یاسای بودجە جێبەجێ کردووە.
ئەنجوومەنی وەزیران لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕاستییانەدا داوا دەکات ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چاوخشاندنەوەی پێویست و دادپەروەرانە بە بڕیارەکەیدا بکاتەوە و شایستە داراییەکانی هەرێم بەو ژمارانەی لە خشتەکانی بودجە هاتوون بۆ هەرێم خەرج بکات، بە تایبەتیش تەرخانکراوەکانی مووچە کە مانگانە 906 ملیار دینارە تا هەرێمی کوردستانیش بتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدات، هاوشانی مووچەخۆرانی سەرتاسەری عیراق کە مانگانە بەبێ دواکەوتن بۆیان خەرج دەکرێت، بۆیە پێویستە بەهەمان پێوەر تەرخانکراوەکانی مووچەی هەرێم لە ناو بودجەی عێراق وەک خۆی خەرج بکرێت و بەشێوەیەکی جیاواز و نادادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێم نەکرێت بەڵکو بە پێی دەستوور و چوارچێوەی بنەمای یەکسانی لەبەرامبەر جێبەجێکردنی یاساکان ڕەفتاری لەگەڵ بکرێت.
لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم دەکات کە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن لە داکۆکیکردن لە ماف و دەسەڵات و شایستە دەستوورییەکانی هەرێم. بۆ ئەم مەبەستەش پێشنیاری سازدانی کۆبوونەوەیەکی فراوانی هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم کرا بۆ خستنەڕووی ڕاستییەکان. هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە هێز و لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی پێکهێنەری حکوومەتی عێراق دەکاتەوە کە شایستەکانی هەرێم وەک لە خشتەکانی بودجەدا هاتووە، خەرج بکرێت و پابەندبن بە مینهاجی وەزاری و ڕێککەوتنە سیاسییەکانی پێکهێنانی حکوومەت و لەو چوارچێوەیەشدا مامەڵە لەگەڵ ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.
ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکات کە پشتیوانی هەرێمی کوردستان بن لە بەدەستهێنانی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی بە پێی دەستوور و ڕێککەوتنەکان و ڕێگە نەدەن چیتر مافەکانی خەڵکی کوردستان بە ناڕەوا پێشێل بکرێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.