لە 19 تەممووزی 1988 رژیمی بەعس ھێرشێكی بەرفراوانی بۆ ناوچە رزگاركراوەكانی شۆڕشی كوردستان لە دەڤەری خواكورك دەست پێكرد، بەڵام پێشمەرگەكانی لەشكری شۆڕشگێڕی كوردستان بە سەركردایەتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی لە رووی ئەو سوپایەی عێراق وەستانەوە كە ئەوكات بە پێنجەمین سوپای جیھان دادەنراو شەڕێكی بەرگری كەم وێنەیان ئەنجامدا .
ئەو شەڕە بەرگریی و قارەمانییە كە تا 5ـی ئەیلوولی 1988 درێژەی ھەبوو. دواتر بە داستانی خواكورك ناونرا.
شەڕی خواكورك شەڕێكی بەرەیی 46 رۆژی بوو كە سوپای عێراق تۆپخانە و فڕۆكەی جەنگی و تەنانەت چەكی كیمیاویشی تیدا بەكارھێنا.
لەگەڵ ئەوەشدا پێشمەرگەكانی كوردستان توانیان زیانێكی زۆر بە ھێزە ھێرشبەرەكەی رژێمی عێراق بگەیەنن، جگە لەوە شەڕەكە لە رووی سیاسی و سەربازی و ستراتیژییەوە بایەخێكی مەزنی ھەبوو، چونكە پێشمەرگە دەسكەوتێكی زۆری لە چەك وتەقەمەنی ھەبوو.
لە رووی سیاسیشەوە پووچكردنەوەی ئەو خەونەی بەغدا بوو كە دەیویست وانیشان بدات بەوەستانی شەڕی عێراق ئێران، بەرگری و شۆڕشی كوردستانیش لەناو دەچێت، بەڵام بەرگری پێشمەرگە لە خواكوك زۆر لە ھاوكێشە و خەونەكانی حكومەتی بەغدای لەناوبرد.
داستانی خواكورك نموونەیەكی شكۆداری كۆڵنەدان و ورەبەرزیی پێشمەرگە بوو، چونكە لەساتەوەختێكدا تۆماركرا كە حكوومەتی عێراق زنجیرە ھێرشی ئەنفالە بەدناوەكانی دەستپێكردبوو و درێژەشی پێدەداو شاری ھەڵەبجەیشی بە چەكی كیمیایی بۆردمان كردبوو. بەھەزاران گوندی كوردستانی كاولكردبوو، خەڵكەكەی ئاوارە و سەرنگووم كردبوو، ئاوەدانیی و جەنگەڵەكانی چۆڵ و كانییەكانی ژەھراوی كردبوو، ھەربۆیە پێشمەرگەكانی لەشكری شۆڕشگێڕی كوردستان لە خواكوڕكدا سەركەوتنێكی وایان بەدەستھێنا كە بۆ بارودۆخی سیاسی و دەروونی و مۆڕاڵی كورد و شۆڕشەكەی زۆر پێویست بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.