Erbil 17°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 06:32

سەرۆک بارزانی: ڕشتنی خوێنی ڕۆڵەكانمان لە كەركووک باجی قورسی دەبێت

کوردستان TV
100%

سەرۆک بارزانی لەبارەی دۆخی کەرکووک هاتەدەنگ و دەڵێت، ئەمڕۆ لەبەرامبەر گەنجان و خۆپێشاندەرانی كوردی كەركووک زەبروزەنگ و توندوتیژی بەكارهاتووە و خوێنی گەنجی كورد ڕژاوە. جەختی کردۆتەوە کە ئەم جۆرە ڕەفتارە بە هیچ شێوەیەک قابیلی قبووڵ نییە و ئەنجامی زۆر خراپی لێ دەكەوێتەوە و ڕشتنی خوێنی ڕۆڵەكانمان لە كەركووک باجی قورسی دەبێت.

ئەمڕۆ شەممە 02ـی 09ـی 2023 کوردانی کەرکووک لەدژی ئاژاوەگێڕییەکانی چەکدارانی حەشدی شەعبی لە کەرکووک خۆپێشاندانیان ئەنجام دا و گەنجێکی کورد شەهید بوو و چەندین کەسی دیکە برینداربوون، سەرۆک مەسعود بارزانی لەمبارەیەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، "لەبارەی بارودۆخی كەركووكەوە ماوەی چەند ڕۆژێكە كۆمەڵێک ڕێگر و گێرەشێوێن بە بیانووی ڕێگریكردن لە كردنەوەی بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری كەركووک، ڕێگەی کەرکووک - هەولێریان گرتووە و ڕێگە نادەن هاووڵاتییان ژیان و هاتووچۆی ئاسایی خۆیان بكەن و دۆخێكی زۆر نالەبار و پڕمەترسیان بۆ خەڵكی كەركووک دروست كردووە."

سەرۆک بارزانی لەدرێژەی ڕاگەیەنراوەکە ڕاشیگەیاند، "ئێمە هەمیشە ئەوەمان دووپات كردووەتەوە كە كەركووک دەبێ نموونەی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی نێوان پێكهاتەكانی ئەو شارە بێت، بەڵام ئەو ڕەفتارە نابەجێ و نایاساییانە، هەوڵدانە بۆ نانەوەی فیتنە و تێكدانی پێكەوەژیان. جێگەی سەرسوڕمانی زۆریشە كە لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەكان و پۆلیسی كەركووک بە هیچ شێوەیەک ڕێگریان لەو گێرەشێوێنی و ڕەفتارە نایاساییەی ڕێگرەكان نەكردووە، كەچی ئەمڕۆ لەبەرامبەر گەنجان و خۆپێشاندەرانی كوردی كەركووک زەبروزەنگ و توندوتیژی بەكارهاتووە و خوێنی گەنجی كورد ڕژاوە. ئەم جۆرە ڕەفتارە بەهیچ شێوەیەک قابیلی قبووڵ نییە و ئەنجامی زۆر خراپی لێ دەكەوێتەوە و ڕشتنی خوێنی ڕۆڵەكانمان لە كەركووك باجی قورسی دەبێت."

سەرۆک بارزانی هەروەها داوا لە محەمەد شیاع سوودانی دەکات و ئاماژەی بەوە داوە کە "داوا لە سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدراڵ دەكەم كە سنوورێک بۆ ئەو ڕێگر و گێرەشێوێنانە دابنێن و كۆتایی بەو ستەم و جیاكاری و ڕێگرییە بهێنرێت كە ڕاستەوخۆ پێكەوەژیان و سەقامگیریی كەركووک و ناوچەكانی تر دەكاتە ئامانج."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.