Erbil 15°C چوارشەممە 26 حوزەیران 05:50

بە ڤیدیۆ؛ چەکدارانی حەشدی شەعبی هێرش دەکەنەسەر ئۆتۆمبێلی بەرگریی شارستانی هەولێر

کوردستان TV
100%

کەمێک پێش ئێستا؛ لە پارێزگای کەرکووک هێرشکرایەسەر ئۆتۆمبێلی بەرگریی شارستانی هەولێر کە بۆ یارمەتیدانی زیارەتکاران لەڕێگە بوون بەرەو کەربەلا.

ئەمڕۆ شەممە 02ـی 09ـی 2023 ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە و دەردەکەوێت جارێکی دیکە چەکدارانی حەشدی شەعبی بە دار و بەرد هێرش دەکەنەسەر ئۆتۆمبێلی بەرگریی شارستانی هەولێر کە بۆ یارمەتیدانی زیارەتکارانی ئێرانی لە هەولێرەوە بەرەو کەرکووک و لەوێشەوە بۆ کەربەلا بەڕێگەوە بوون.

هاوشێوەی ئەم ڕووداوە دوێنێ هەینیش ڕووی دا، ڤیدیۆیەک لە سۆشیال میدیا بڵاو بووەوە کە دەرکەوتبوو چەکدارانی حەشدی شەعبی لە کەرکووک لۆگۆی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەو پاسانەی بۆ گواستنەوەی زیارەتکاران دابین کراون، لادەبەن و سووکایەتیی پێ دەکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە ڕۆژی پێنجشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاری دابینکردنی 100 پاسی بۆ گواستنەوەی زیارەتکاران لە هەولێرەوە بۆ کەربەلا دا، بەمەبەستی بەشدارییکردنیان لە چلەی ئیمام حوسەین (ع)، دوێنێ هەینی پاسەکان بە 3 هەزار زیارەتکارەوە بەڕێکەوتن بۆ کەرکووک و لەوێشەوە بۆ کەربەلا، بەڵام لە کەرکووکدا لەلایەن چەکدارانی حەشدی شەعبی سووکایەتی بە لۆگۆی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کرا، کە لەسەر پاسەکان بوو.

ئەو چەکدارانە چەندین ڕۆژە لەبەردەم بارەگای ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و هێزە عێراقییەکان خۆپشاندان دژی گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن و ناڕەزایەتی دەردەبڕن بە ڕادەستکردنەوەی بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیمکراتی کوردستان، هەروەها لە چەند پەیامێکیشدا هەڕەشە لە کوردانی دانشتووانی کەرکووک دەکەن.

کوردستان رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.