Erbil 15°C چوارشەممە 26 حوزەیران 05:45

ژن و مێردێكی گەنج بژێوی ژیانیان لە مار بەخێوكردن پەیدا دەكەن

کوردستان TV
100%

ژن و مێردێكی گەنجی دانیشتوی گوندی قەمچوغە لە قەزای دووكان سەربە پارێزگای سلێمانی، لە ماڵەكەیاندا ڕەش مار بەخێو دەكەن و لە كاژی مارەكان زەیت دروست دەكەن.
هونەری دروست كردنی زەیت لە كاژی مار بووەتە پیشەی ئەو دوو گەنجە و بژێوی ژیانییانی پێ پەیدا دەكەن.
بەبێ ئەوەی زیان بە مارەكان بگەیەنن، كاتێك مارەكان بە شێوەیەكی سروشتی كاژ فڕێدەدەن، ئەمان كاژەكە هەڵدەگرن و بەشێوەیەكی زانستی و بەبێ ئەوەی هیچ ماددەیەكی كیمیایی تێكەڵ بكەن زەیتی لێ دروست دەكەن، كە بە سوودە بۆ نەخۆشییەكانی قژ؛ بۆ نموونە قژ هەڵوەرین و لاوازی قژ و ئەو پیاوانەی ڕیشیان تەنك و پەڵە پەڵەیە.
نەوشیروان عەبدولرەحمان ڕەشید (25 ساڵ)، باس لەوە دەكات كە لە منداڵییەوە حەز و خولیای بەخێوكردنی ماری هەبووە، دواتر كە هاوسەرگیری كردووە لەگەڵ خێزانیدا بڕیاریاندا مار بەخێو بكەن.
نەوشیروان و شلێر سەلیم (25 ساڵ)ی هاوسەری لە ماڵەكەیاندا 60 ڕەش مار بەخێو دەكەن و ئەو كارەیان كردووەتە پیشەیەك بۆ بژێوی ژیانیان كە لە كاژی مارەكان زەیت دروست دەكەن و دەیفرۆشن.
لەوبارەوە نەوشیروان عەبدولرەحمان ڕەشید سەبارەت بە پیشەكەیان، گوتی: سەرەتا ئامانجمان تەنیا ئەوە بوو وەكو حەز و خولیایەكی منداڵی من مار بەخێو بكەین، دواتر وردە وردە پەرەمان بە حەز و خولیاكەی من دا و كاژی مارەكانمان بەكارهێنا بۆ دروستكردنی زەیت.
نەوشیروان دەڵێت :ئەم زەیتە بەكاردێت بۆ كێشەكانی قژ و گوتیشی: ئەو كەسانەی ڕیشیان تەنك و پەڵە پەڵەیە دەتوانن بەكاریبهێنن، بۆ ئازار شكێنیش بەكاردێت، بەڵام بەشێوەیەكی گشتیی زەیتی مار بۆ كێشەكانی قژ بەكاردێت وەك تەنكی و لاوازی و چارەسەریان دەكات.
نەوشیروان ئاماژەی بەوە كرد كە یەكەم كوردن وەك دوو ھاوسەر زەیتی ئەسڵی مار دروست دەكەن و خۆیان ئەو مارانە بەخێو دەكەن كە بێ ژەھرن بۆ ئەوەی ھیچ مەترسییەكیان نەبێت. و دەلێت: من لەناو ماڵ و منداڵی خۆم مارەكان ڕادەگرم و ھیچ مەترسییەكیشیان نییە.
نەوشیروان باسی لە دۆزینەوە و گرتنی مارەكان كرد و گوتی: من ئەو شوێنانەی مارەكانی لێیە دەزانم، بۆ نموونە ناو بەرد و دەشتایی و نزیك دار و نزیك ئاو، بۆیە من سەردانی ئەو شوێنانە دەكەم و دەگەڕێم بۆ ئەوەی ئەگەر مارەكانی لێ بوو ڕاستەوخۆ بیانگرم.
هەروەها باسی لەوەش كرد كە كاتێك كەسێك مارێك دەبینێ لە حەوشەی ماڵەكەیدا تەلەفۆنی بۆ دەكەن و دەچێت مارەكە دەگرێت و دەیبات بۆ ناو مارەكانی خۆی.
ئەوەیشی خستەڕوو كە ئەوان كار لەسەر مارە بێ ژەهرەكان دەكەن و هیچ بەلای مارە ژەهراوییەكان ناچن و گوتی: ڕێگەپێدانی یاساییشمان هەیە. بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش ئاگادارە كە ئێمە مار بەخێو دەكەین لە ماڵی خۆماندا و مەترسیمان بۆ چواردەورمان نییە و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیش لاری نەبوونی پێداوین كە ئێمە كاژی ڕەش مار بەكاربهێنین و زەیتی لێ دروست بكەین و هیچ ماددەیەكی كیمیایی تێناكەین.
ئەو دوو هاوسەرە بەهرەمەندە باس لەوە دەكەن كە ئەوان گۆشتی مریشك وەك سنگ و سیقەتۆرە دەدەن بە مارەكان و بەشێوەیەكی باش خزمەتیان دەكەن و هیچ زیانێكیان پێ ناگەیەنن.
لەو بارەیەشەوە نەوشیروان گوتی: وەك خواردن سنگ و سیقەتۆرەی مریشكیان پێ دەدەین، خۆ ئەگەر خواردنی فرێشیان پێ بدەیت بۆ تەندروستیان باشترە. ئەگەر مارەكە شتی فرێش بخوات كاژەكەی بەشێوەیەكی تەندروست دادەنێت و بە قاڵبی دەریدەكات، كاتێك مار چاوی سپی بوو واتە لە كاتی كاژ فڕێداندایە.
ئەو دوو هاوسەرە وەك خۆشیان باسی دەكەن بەرهەمەكانیان خواستێكی زۆری لەسەرە و ڕەوانەی سلێمانی و هەولێر و شارەكانی دیكەی دەكەن.
نەوشیروان ئەوەیشی خستەڕوو كە زۆر جار بانگیان كردووە بۆ گرتنی مار و كاتێك چووم سەیرم كردووە مارەكە ژەهراویە، بەڵام بۆ ئەوەی خەڵكەكەی نەترسن گوتومە بێ ژەهرە هەتا خۆم گرتوومە دواتر پێم گوتوون كە ئەمە ژەهراویە ئاگاتان لەم جۆرە مارانە بێت و لێم دوورخستوونەتەوە.
لە كۆتاییدا ھاوسەری نەوشیروان، شلێر سەلیم گوتی: من لەگەڵ مارەكاندا ڕاھاتووم، ھەستێكی تەواو خۆشم ھەیە لەگەڵیان، لەبەرئەوەی بووەتە پیشەیەك بۆمان و ھەردووكمان كاری لەسەر دەكەین.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.