سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی زەوی بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی لە قەزای مەخموور دا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 30ـی 08ـی 2023 وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار نووسراوێکی بە واژووی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێری کردووە، تێیدا هاتووە، "ڕەزامەندی سەرۆکی حکوومەت وەرگیرا بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی لە قەزای مەخموور، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی و پێویستی زۆری ناوچەکە بە پڕۆژەکە."
بڕیاری تەرخانکردنی زەویی دەرکراوە و وەک لە نووسراوەکە خراوەتەڕوو، "تەرخانکردنی ڕووبەڕی 15 دۆنم لە پارچە زەویی ژمارە (2981/1 کەرتی 7 مەخموور) بەمەبەستی دروستکردنی نەخۆشخانەی ئاماژەپێکراو، لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە."
لە نووسراوەکەی وەزارەتی شارەوانی ئەوەش خراوەتەڕوو کە جێبەجێکردنی ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان بەمەبەستی بەناوکردنی پارچە زەویی تەرخانکراو بەناوی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ بەبێ بەرامبەر، لەبەرامبەر لەئەستۆگرتنی بودجەی پڕۆژەکە."
وەزیری شارەوانی لە نووسراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێری ڕاسپاردووە کە کاری پێویست ئەنجام بدەن و لە ئەنجامەکەی ئاگاداریان بکەنەوە.
دەقی نووسراوەکەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار:-
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.