جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کەرکووک هاتەدەنگ و پەیامێک ئاراستەی پارتییەکان دەکات و دەڵێت، سەرتان بەرز بێت خاوەنی سەرۆک و حزبێکین ڕۆژ لەدوای ڕۆژی سەنگ و قورساییتان زیاد دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 30ـی 08ـی 2023 د. شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، "دەڵێن بێدەنگن، بەڵام ئێمە بێدەنگ نین، بەڵکوو دەبێت لەوە بپرسن چی هەنگاوێکی ئێمە وای کردووە ئەو خەڵکە ژان بیگرێت و بەو گەرمایە بێتە سەر شەقام."
ڕاشیگەیاند، "خەڵکێکی بەکرێگیراوی دەرەوەی کەرکووک کە پێشتر بە ناردنی عبوەناسیفە و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو نەیانتووانی یەکڕیزی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی شارەکە تێک بدەن ئێستا بەجوتیک نەعلەوە ناتوانن ڕێگریمان لێبکەن لە چەسپاندنی یاسا و پتەوکردنی یەکڕیزی نێوان پێکهاتەکان.
شاخەوان عەبدوڵا لە درێژەی پەیامەکەی نووسیویەتی، "وەڵامی کابرای مەی فرۆشیش نادەمەوە، چونکە بەناوهێنانی گەورە دەبێت."
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەیامێکی ئاراستەی کاندیدانی کورد لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کردووە و دەڵێت، "وەک دەرفەت نەبەو لە یەک لیستدا بەشداریی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکەن، داواتان لێدەکەم ئامانجەکانتان یەک بخەن و بە یەک نەفەس کار بکەن و واز لە شکاندنی یەک بهێنن، گوێ لەو بەرپرسانە مەگرن کە تەنیا ئامانجیان وەرگرتنی پڕۆژە و فرۆشتنەوەیەتی."
لە کۆتایی پەیامەکەشی شاخەوان عەبدوڵا بە پارتییەکان دەڵێت، "سەرتان بەرز بێت و دڵخۆشبن کە خاوەن سەرۆکێک و حزبێکین ڕۆژ لەدوای ڕۆژ سەنگ و قورساییتان زیاد دەکات."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.