Erbil 21°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 12:32

عێراق وه‌ڵامی ئێران ده‌داته‌وه‌

کوردستان TV
100%

سه‌باره‌ت به‌ ڕێككه‌وتنی دوورخستنه‌وه‌ و چه‌ككردنی حزبه‌كانی كوردستانی ئێران، حكوومه‌تی عێراق ئه‌مڕۆ دووشه‌م وه‌ڵامی ئێرانی دایه‌وه‌ و ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌وان سه‌رجه‌م خاڵه‌كانی ڕێككه‌وتنه‌كه‌یان جێبه‌جێ كردووه‌.

باسم عه‌وادی گوته‌بێژی حكوومه‌تی عێراق له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی (X) ڕایگه‌یاند: گرینگترین بنه‌ماكانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه ئه‌وه‌یه‌ كه‌ عێراق نه‌بێته‌ لایه‌نێك له زیان گه‌یاندن به‌ هاوسێیه‌كانی، هه‌روه‌ها سه‌روه‌ری خاكی عێراقیش پێویستی به‌ لێكتێگه‌یشتن ئه‌منی هه‌یه‌ بۆ پاراستنی سنووره‌كان له‌ هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌كدا.

ڕاشیگه‌یاند: له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ عێراق ڕێككه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ ئێران ئیمزا كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ "ڕێگریكردن له‌ دزه‌كردنی چه‌كداران، ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی داواكاران، چه‌كداماڵین و لابردنی كه‌مپه‌كان"، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر عێراق بووه‌ سه‌رجه‌م خاڵه‌كانی جێبه‌جێی كردووه‌.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ناسڕ كه‌نعانی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئه‌مڕۆ دووشه‌م له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاندبوو: ڕێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق كردووه‌ كه‌ ده‌بێت حزبه‌كانی كوردستانی ئێران چه‌ك بكرێن و باره‌گاكانیشیان له‌سه‌ر سنوور چۆڵ بكه‌ن و بچنه‌ ئه‌و كه‌مپانه‌ی كه‌ حكوومه‌تی عێراق بۆیان دیاری ده‌كه‌ن.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ دوا واده‌ی جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ رۆژی 19/9/2023 یه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش ئه‌و واده‌یه‌ درێژ ناكرێته‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدابوو كه‌ جێبه‌جێكردنی سه‌رجه‌م خاڵه‌كان و درێژنه‌كردنه‌وه‌ی واده‌ی جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه‌یان به‌ لایه‌نی عێراق و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان گه‌یاندووه‌‌.

ڕێككه‌وتنه‌كه كه‌ به‌ناوی (پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی نێوان عێراق و ئێران)ـه‌‌ پێشتر له‌ 19/3/2023 له‌نێوان راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران له‌ شاری به‌غدای پایته‌ختی عێراق به‌ سەرپەرشتی محەممەد شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئیمزا كرابوو.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.