Erbil 20°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 01:36

زانیاری نوێ له‌سه‌ر دابه‌شكردنی یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون و كرێنشینان ئاشكرا ده‌كرێ

کوردستان TV
100%

کابینەى نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پشتبەست بە یاسای ژمارە 7ی ساڵی 2006ی هەموارکراوی ساڵی 2016، پڕۆسەى هاوکاریکردن و پشتیوانیی خێزانە داهات نزمەکانی لە ڕێگەى بەخشینی یەکەکانی نیشتەجێبوون دەست پێ کردووە و بەڕێوەبەرى گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنیش دەڵێت: "پڕۆسەکە بەردەوامی دەبێت".

ئێستا فۆرمی دابەشکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون کارا کراوە و کرێنشینان و کەمدەرامەتان دەتوانن تاکو 30ـی مانگی 11ـی ئەمساڵ، بە ئۆنلایین فۆرمەکە پڕ بکەنەوە. یەکەکان لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوە دروست دەکرێن و پاش وردبینی، بەبێ پێشەکی و بە قیستی درێژخایەن دابەش دەکرێن.

توانا بەشیر بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ڕاگەیاند "لە دوو هەفتەی ڕابردوودا کە فۆرم کارا کراوە، 11 هەزار و 160 کەس پڕیان کردووەتەوە؛ تاکو 30ى 11ى 2023 بەردەوام دەبێت. بە پێی داتاى حکوومەت نزیکەى 200 هەزار خێزانی کرێنشین هەن، جارێ 9 هەزار یەکەى نیشتەجێبوون دیاری کراون، بەپێی یاساى نیشتەجێکردن ئەو پرۆسەیە بەردەوامی دەبێت."

لەبارەى نیگەرانی و پەلەى هاووڵاتییان بۆ زووپڕکردنەوی فۆرمەکان، ناوبراو دڵنیایی دەدات و گوتی "لەو 90 ڕۆژەدا هەرکات فۆرم پڕ بکرێتەوە جیاوازی نییە و داتاکان شی دەکرێنەوە، تا ئەو کاتەى سیستەمەکە دادەخرێت، دواتر زانیارییەکان دەنێردرێنە یەکە کارگێڕییەکان و دەپشکێنرێن، لە ڕێگەى دامەزراوە تایبەتەکانەوە پشکنین بۆ زانیارییەکان دەکرێن، دواى گەڕانەوەی ناوەکان گرێبەستیان لەگەڵ دەکرێت و پێیان دەبەخشرێت.

ئەوەشی گوت "دروستکردنی یەکەى نیشتەجێبوون بەردەوامی دەبێت و بە پێی پێویستی سندووقی تایبەتی خۆی دەبێت، چونکە بەشێکە لە یاسا و ڕێنماییەکان و کابینەى نۆیەم لە خەمی ئەو پرسەدایە".

لەبارەى ئەگەری دەستتێوەردان و پاکییەتیی پرۆسەکەوە ڕایگەیاند "ئەم پرۆسەیە ئەلیکترۆنییە و خۆکارانە کار دەکات، داتاکان لە دەستی مرۆڤ دوورن، بە پێی پێویستیی دیاریکراو دیارى دەکرێن، نمرەدانان بەپێی پێویستی و شیاوییە و دەستتێوەردانی تێدا ناکرێت، دواى تەواوبوونی وادەى پڕکردنەوە، بە کەمتر لە چوار هەفتە زانیارییەکان پاکتاو دەکرێن و کاروبارەکانیان تەواو دەبن، دواى وردبینی لە یەکە کارگێڕییەکانی سەر بە وەزارەت، بڕیاریان لێوە دەدرێت."

یەکەکانی نیشتەجێبوون ژمارەیان 9 هەزار و 4 یەکەیە و دەکەونە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، زۆرینەشیان دەکەونە پارێزگای سلێمانی؛ بەشێکیان نزیکن لەوەی تەواو ببن و بەشێکیشیان لە بواری جێبەجێکردندان. دابەشبوونی یەکەکان بەمشێوەیەیە: هەولێر 1356 یەکە، سلێمانی 3876 یەکە، هەڵەبجە 192 یەکە، ئیدارەى ڕاپەڕین 420 یەکە، ئیدارەى گەرمیان 360 یەکە، دهۆک 2116 یەکە، زاخۆ 324 یەکە و ئیدارەى سۆران 360 یەکە.

کابینەی نۆیەم خزمەتکردنی کرێنشینان و کەمدەرامەتان بە ئەرکی خۆی دەزانێت و دەیەوێت خەونی نبشتەجێبوونی جێگیریان بۆ بەدی بهێنێت، بۆ ئەمەش پڕۆسەکە بە قۆناغ بەردەوامیی دەبێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.