Erbil 35°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 15:31

هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت کۆبووەوە

کوردستان TV
100%

لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت داوا لە لیژنەی پەیوەندیداری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق کرا کە ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز تەواو بکەن.

هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی 08ـی 2023 لە کۆشکی حکوومەت کۆبوونەوەیەکی بەسەرپەرشتی محەممەد شیاع ئەلسوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجام دا و بارودۆخی گشتیی عێراق و کۆمەڵێک مەلەفی سیاسی و ئابووری تاوتوێ کران.

لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە کە "لەبارەی کاروباری حکوومەتدا، سەرۆک وەزیران پێداچوونەوەی بەو ئەنجامە گرنگانەدا کرد کە وەفدی ئەمنی عێراقی بۆ واشنتۆن بەدەستیهێناوە بۆ کێشانی نەخشەی پەیوەندی دوو قۆڵی نێوان عێراق و ئەمریکا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش، سەروەری و سەربەخۆیی عێراق و بڕیارە ستراتیژییەکان."

ئەوەش خراوەتەڕوو کە سەرکۆنەی بڵاوکردنەوە و دروستکردنی دڵەڕاوکێی هاووڵاتییان کرا، بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ڤیدیۆ سەبارەت بە هاتنی هێزەکان بۆ عێراق، ئەمەش لەدوای ئەوەی هاووڵاتییان هەستیان بە ئاسایش و خزمەتگوزاری کرد.

باس لەوەش کراوە کە "لە بابەتی یاساداناندا، پشتگیری تەواوی خۆیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان لە کاتی خۆیدا دووپات کردەوە، هەروەها ئەندامان پێداچوونەوەیان بە نوێترین کۆپی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کرد بە مەبەستی پێشکەشکردنی بە ئەنجوومەنی نوێنەران."

لە ڕاگەیەنراوەکە ئاماژە بەوەش دراوە کە "لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە لیژنەی وەزاری پەیوەندیدار بە ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز کرا، گفتوگۆکان لەگەڵ تەکنیککارانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستانی تەواو بکەن، هەروەها بەردەوام بن لە تەواوکردنی ڕەشنووسەکە."

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.