Erbil 30°C دووشەممە 16 ئەیلوول 22:26

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی تر له‌سه‌ر ئه‌و نه‌خۆشخانه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئازاری منداڵێكی تێدا درابوو

کوردستان TV
100%

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مشه‌و دووشه‌م ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی تری له‌سه‌ر ئه‌و نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌ی شاری هه‌ولێر‌ بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا له‌لایه‌ن دوو په‌رستاره‌وه‌ منداڵێكی تازه‌له‌دایكبووی تێدا ئازار درابوو.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ ڕوونكردنه‌وه‌كه‌دا بۆ ڕای گشتی ڕایگه‌یاند: لە پرێس كۆنفرانسێكی دوێنێ یه‌كشه‌مدا سەبارەت بە ئازاردان و پێشێلكردنی منداڵێكی تازەلەدایكبوو دوور لە هەموو ڕەوشتێكی پزیشكی و یاسایی و زانستی، وەزارەتی تەندروستی چەندین ڕێكار و سزای یاسایی گرتۆتەبەر.

ڕاشیگه‌یاند: بەڵام بەداخەوە لەلایەن نەخۆشخانە تایبه‌ته‌كه‌وه‌ هەوڵدراوە بۆ شێواندنی ڕاستییەکان و پاساو هێنانەوە بۆ ئەم دیاردە قێزەوەنە، هه‌روه‌ها بەردەوام سەرپێچی و كاری نایاسایی هەیە بەوەی هەوڵ دەدرێت ڕای گشتی و پرۆسەی لێكۆڵینەوە بەلاڕێدا ببرێت و بشێوێنرێت لە جیاتی ملكەچبوون بۆ یاسا و داوای لێبووردنكردن بەرامبەر ئەو دیاردەیەی ناخی هەموو کۆمەڵگه‌ی هەژاند کە دەبێتە هۆکاری لاوازکردنی متمانەی هاووڵاتییان.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: دروستکردنی لێژنەی لێکۆڵینەوە کاری نەخۆشخانی ناوبراو نییە، بەڵکو بە یاسای مافی نەخۆش ژمارە 4ی ساڵی 2020 و پەیڕەوی لێکۆڵینەوەی کارپێکراو، لێکۆڵینەوەکردن تەنیا کاری وەزارەتی تەندروستییە بە ئامادەبوونی دادوەر و نوێنەری داواکاری گشتی.

 

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: بە ڕێزێک بەناوی سەرپەرشتیار قسە دەكات، لە كاتێكدا ئەو بەڕێزە بە فەرمی سەرپەرشتیار نییە و هیچ سیفەتێکی بەڕێوەبردنی نییە، تەنانەت ڕێگەپێدراویش نییە لە لیستی وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەم نەخۆشخانەیە و هیچ پەیوەندیەکی فەرمی نییە، هه‌روه‌ها كارمەندەكانیش ناویان لە لیستی ڕێگەپێدراوی فەرمی نییە بۆ كاركردن لەم نەخۆشخانەیەدا.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئەو بەڕێزەی بە ناوی نەخۆشخانەوه‌ قسە دەكات تەواو نایاساییە، چونكە پزیشكی نیشتەجێی دێرینە و پسپۆڕ نییە، بەڵکو لەژێر ڕاهێنان و مەشقكردن دایە و بۆی نییە بەناوی نەخۆشخانە قسە بكات.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ كۆتایی ڕوونكردنه‌وه‌كه‌دا ته‌ئكیدی لەسەر بەردەوامی ڕێکارەکان كرده‌وه‌ و هه‌روه‌ها لیژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم دۆسیەیە دادەنرێت و ڕێکاری یاسایی وەردەگیرێت، لەپێناو پاراستنی مافی نەخۆش و گەیاندنی ڕاستییەكان بە هاووڵاتییان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.