سهرۆك بارزانی ئهمڕۆ دووشهم له میانهی دیدارێكدا له شارۆچكهی سێمێل ڕایگهیاند، ئەو ڕۆژە نەما كە كەسێك یان لایەنێك بیر لەوە بكاتەوە كیانی هەرێمی كوردستان نەهێڵێت كە بە خوێن و فرمێسكی میللەتەكەمان دامەزراوە.
لە درێژەی سەردانەكەیدا بۆ دەڤەری بادینان و كۆبوونەوەی لەگەڵ چین و توێژەكان، سەرۆك مەسعود بارزانی ئهمڕۆ دووشهم لە شارۆچكهی سێمێل لەگەڵ ڕێكخراوە جەماوەری و پیشییەكان و چالاكوان و میدیاكاران و وەرزشوانان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیی سنووری دەڤەری بادینان كۆبۆوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی گوتەیەكی پێشەكەشی ئامادەبووان كرد و ڕۆشنایی خستەسەر بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و بابەتی هەڵبژاردن و ئەوەی دووپاتكردەوە كە هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی گرفتە سیاسییەكان چارەسەر ببن، بە پێویستیشی زانی كە بۆ ئەوەی یەكبوون و یەكڕیزی بێتە ئاراوە، لایەنە سیاسییەكان كۆسپ بۆ ئامانجە ستراتیژییەكان و دۆزی ڕەوای میللەتەكەمان دروست نەكەن.
سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی هەڵبژاردن، متمانە و دەنگی گەلی بە پێوەری سەرەكی بۆ حوكمداری لەقەڵەم دا.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا، سەرۆك بارزانی كورتەیەكی مێژوویی لە پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ لە بیست ساڵی ڕابردوو باس كرد. هەروەها هێمای بە پابەندنەبوون بە دەستوور و ڕێزنەگرتن لە ڕێككەوتنەكان و هەوڵەكان بۆ دروستكردنی كۆسپ بۆ هەرێمی كوردستان دا و ئەوەشی خستەڕوو كە ئەو هەوڵانە دەبنە مایەی قووڵتربوونی كێشەكان و هیچ ئەنجامێكیشی نابێت.
هەر پەیوەست بەم تەوەرەوە، سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ئەو ڕۆژە نەما كەسێك یان لایەنێك بیر لەوە بكاتەوە كیانی هەرێمی كوردستان نەهێڵێت كە بە خوێن و فرمێسكی میللەتەكەمان دامەزراوە.
لە درێژەی وتەكەیدا، سەرۆك بارزانی باسی لە هەوڵ و پڕۆژەكانی حكوومەتی هەرێم كرد و ڕایگەیاند كە حكوومەت كار و بەرنامەی بنەڕەتی باشی ئەنجامداوە بۆ نەهێشتنی هۆكارەكانی كۆچ و بێكاری و هەروەها دۆزینەوەی سەرچاوەی تری داهات و ژیان بۆ هاووڵاتییان و ههروهها بایەخێكی زۆری بە كەرتی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و ئاوەدانكردنەوەی ئەو شوێنانە داوە كە بە هۆكاری ئەمنی دەستی ئاوەدانكردنەوەی نەگەیشتووتنێ، داواشی كرد هەموولایەك هاوكاری حكوومەت و پاڵپشتی بن، چونكە حكوومەت هی خۆتانە و موڵكی گەلە.
لە كۆتایی وتەكانی سەرۆك بارزانی، دەرگەی گفتوگۆی كرایە و ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە داواكاری و پرسیار و پێشنیارەكانیان خستەڕوو، سەرۆك بارزانیش وەڵام و بەرچاوڕوونی پێویستی دایەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.