كاركردن لە پرۆژەی 100 مەتریی سلێمانی بەردەوامە كە یەكێكە لە پرۆژە ستراتیژییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی دەكرێت و ئێستا كاری قیڕتاوكردنی تێدا دەکرێت.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە 11ـى 07ـی 2023 بەردی بناغەی بۆ ئەو پرۆژەیە دانا و لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەكەدا، لە گوتارێكدا سەرۆکی حکوومەت جەختی کردەوە کە "خۆشەویستانی سلێمانی شایەنی ئەو پڕۆژەیە و پڕۆژەی گەورەترن، ڕاستە ئەو پرۆژەیە دەمێكە قسەی لەسەر دەكرێت، ئێمە بەڵێنەكەمان بردەسەر، ئەمەش دەبێتە دەستكەوتێكی گەورە بۆ خەڵكی سلێمانی و تەواوی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان."
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێكهاتەكانی قۆناغی یه‌كه‌می پڕۆژەی 100 مەتری سلێمانی بەمشێوەیە خستووەتەڕوو:-
- گوژمەی ئه‌و به‌شه‌ی پڕۆژه‌كه 400 ملیار دیناره و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاره‌وه ته‌مویل ده‌كرێت، سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی سلێمانی سه‌رپه‌رشتیی جێبه‌جێكردنی ده‌كات و به چه‌ند قۆناغێک ته‌واو ده‌كرێت.
- ئەو پڕۆژه‌یه بۆ شاری سلێمانی و دەوروبەری زۆر گرنگه و ده‌بێته هۆی په‌ره‌پێدانی شاره‌كه له‌ڕووی ڕێگه‌وبان و پێشكه‌وتنی سیسته‌می هاتووچۆ و جموجۆڵی بازرگانی و كه‌مكردنه‌وه‌ی جه‌نجاڵی و په‌ره‌پێدانی گه‌شتیاری و ئاسانكارییه‌كی زۆر بۆ شوفێران و هاووڵاتییان.
- پێكهاته‌ی 100 مه‌تریی سلێمانی بریتییه لە دروستکردنی ڕێگه‌یەکی خێرا بە پانیی 100 مه‌تر کە لە شارۆچکەی تاسڵوجەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە دێی دەمرکان لە شەقامی عەربەت - سلێمانی کۆتایی دێت، به درێژاییی نزیكه‌ی 34 کیلۆمەتر.
- چوار سایدی هاتن و ڕۆشتنی هه‌یه؛ هه‌روه‌ها حەوت یەکتربڕی دووئاستی تێدایە.
- له‌گه‌ڵ پردێک لەسەر چەمی تانجەڕۆ دروست دەکرێت، ئه‌ویش 4 پردی دیکە له‌خۆ ده‌گرێت. واتە هەر سایدێک پردی تایبەتی خۆی هەیە بە درێژاییی 500 – 450 مەتر.
- چه‌ندین ئەندەرپاس و ئۆڤه‌رپاسی تێدا دروست ده‌كرێت بۆ هاتووچۆی شوفێران و جوتیاران و په‌ڕینه‌وه‌ی هاووڵاتییان به ڕه‌چاوكردنی سه‌لامه‌تییان.
- 67 ئاوبارەی کۆنکرێتی کە دریژیی هەریەکەیان زیاتر لە 110 مەترە و بە دیزاینی تایبەت جێبەجێ دەکرێن.
- قۆناغی یه‌كه‌می پڕۆژه‌كه کە ئێستا جێبەجێ دەکرێت بە 5 شەقامی 30، 40 و 60 مەتری دەبەسترێتەوە بە شەقامەکانی تاسڵوجە - سلێمانی، بازنەی مەلیک مه‌حموود - ڕێگەی سلێمانی عەربەت.
- هەموو پێداویستییەکی هێڵکێشان و تابلۆی هاتووچۆ و تۆڕی ڕووناکیی مۆدێرنی تێدایە، هه‌روه‌ها بۆرییەکی ئاوی سەرەکی تێدایە کە ئاو لە بۆریی هێڵی سەرەکیی دووکان تاوەکوو نزیک دەمرکان دەگوازێتەوە بە بۆریی جۆراوجۆر کە ئاو دەگەیەنێتە باشووری شاری سلێمانی، هه‌روه‌ها بڕگەی سەوزکردنیشی تێدایه.
- ئێستا ئەو بەشەی پرۆژەكە گەیشتووەتە قیرتاوكردن و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش به‌گرنگییه‌وه كار له‌و پڕۆژه‌یه‌دا ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م به‌ش و بڕگه‌كانی ته‌واو بكرێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.