سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ خانەوادەی شەهیدان و تێکۆشەران و هەڵگرانی میدالیای بارزانی و پەککەوتووانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسیی سنووری دەڤەری بادینان بە ئامادەبووانەکەی گوت، ئێوە لەپێناو کەرامەتی گەلەکەتان خوێنتان داوە و هاتووم گوێ لە گلەیی و گازاندە و ئێش و ئازارەکانتان بگرم.
سەرۆک مەسعود بارزانی ئەمڕۆ دووشەممە 21ـی 08ـی 2023 لە شاری دهۆک بە مەبەستی دیدار و ئاگاداربوون لە ڕەوشی ژیانیان و پێشنیار و تێبینیەکانیان لەگەڵ خانەوادەی شەهیدان و تێکۆشەران و هەڵگرانی میدالیای بارزانی و بریندار و پەککەوتووانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسیی سنووری دەڤەری بادینان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی گوتەیەکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و تێیدا تیشکی خستەسەر بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەو کۆسپ و هەڕەشە و تەحەدییاتانە کرد کە لەبەردەم خەڵکی کوردستاندا هەن و جەختی لە بایەخی پابەندبوون بە هۆشیاریی نەتەوەیی، ئاگادارکردنەوەی گەنجەکان، گەڕانەوە بۆ پڕەنسیپەکان و نیشتمانپەروەری کردەوە.
هەروەها سەرۆک بارزانی پێزانینی بۆ قوربانیدان و ماندووبوونی خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە و تێکۆشەران هەبوو و پێیانی گوت: ئێوە لەپێناو کەرامەتی گەلەکەتان خوێنتان داوە، ماندووبوونە و زەحمەتتان کێشاوە، هەرچی بۆتان بکرێت هەر کەمە. من هاتووم گوێ لە گلەیی و گازاندە و ئێش و ئازارەکانتان بگرم و داواتان لێ دەکەم ئەوەی لە دڵتانە بە ڕاشکاوی بۆم باس بکەن.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانە و بەرفراوان ئەنجام درا و ئامادەبووان پرسیار و داواکاری و تێبینیەکانیان بۆ سەرۆک بارزانی خستەڕوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.