لەدرێژەی سەردانەكەی بۆ دەڤەری بادینان ڕۆژی یەكشەممە 20ی ئابی 2023 سەرۆك بارزانی سەردانی شاری زاخۆی كرد و لەگەڵ چینوتوێژەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ كۆبۆوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی گوتەیەكی پێشكەش كرد و خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا كە جارێكی تر دەرفەت ڕەخساوە لەگەڵ خەڵكی شەهیدپەروەری سنووری زاخۆ كۆببێتەوە. هەروەها ڕۆشنایی خستەسەر ئەو بەڵێنانەی كە بۆ بەجێگەیاندنی پڕۆژەكان و خزمەتگوزاریی زیاتر بە خەڵكی زاخۆ درابوو و ڕایگەیاند كە بەهەموو شێوەیەك پشتیوانی ئەوەم كە خزمەتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بكرێت. سەرۆك بارزانی باسیشی لەوە كرد كە پێویستە بایەخ بە كەرتی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار بدرێت بۆ ئەوەی زەمینەی گەشە و خوشگوزەرانیی زیاتر بۆ خەڵك فەراهەم بێت. ڕاشیگەیاند كە ئامۆژگاریی بۆ حكوومەت و دەزگە پەیوەندیدارەكان ئەوە بووە كە خزمەتكاری خەڵك بن.
سەرۆك بارزانی ئاماژەشی بە بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان دا و ئەوەی بە ئامادەبوان ڕاگەیاند كە لە هەوڵ دان بۆ ئەوەی یەكدەنگی و یەكڕیزیی لایەنەكان دروست ببێ بە تایبەتی لەسەر هێڵە گشتییە نیشتیمانی و نەتەوەییەكان و پێویستە هیچ لایەنێك لەو هێڵ و بەرژەوەندییە گشتیانە لانەدات. ئەوەشی خستەڕوو كە پارتی بە دەنگی خەڵك و بە پشتیوانیی خەڵك هاتووە و دەبێ ئەو متمانەیە بپارێزرێت و هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت. پەیوەست بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، سەرۆك بارزانی كورتەیەكی مێژوویی لەو پەیوەندییانە باس كرد و ئاماژەی بەوەدا كە هۆكاری سەرەكیی بوونی قەیران و ناسەقامگیری لە عێراق بۆ پشتكردن لە ئیمزا و ڕێككەوتنەكان و جێبەجێنەكردنی دەستوور دەگەڕێتەوە.
سەرۆك بارزانی لەدرێژەی وتەكانیدا داوای كرد كە هاووڵاتیان لەو هەڕەشە و كۆسپانە ئاگادار بكرێنەوە كە دێنە بەردەم خەڵكی كوردستان و جەختی لە پابەندبوون بە ڕۆحی نیشتیمانپەروەری و پاراستنی بەهاكان و دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان كردەوە.
لەبەشی كۆتایی كۆبوونەوەكە، دەرگەی پرسیار و ڕەخنە و تێبینیی بۆ ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە كرایەوە و سەرۆك بارزانی وەڵام و بەرچاوڕوونیی پێویستی بۆ ئامادەبوان خستەڕوو.
هەر لەو سەردانەیدا بۆ شاری زاخۆ سەرۆك بارزانی سەردانی پردی (خابوور)ـی شاری (زاخۆ)ـشی كرد.
سەرۆك بارزانی لەگەڵ چین وتوێژەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ كۆبۆوە
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.