سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کادیرانی پێشکەوتووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەڤەری بادینان ڕایگەیاند، پێویستە بەرەو هەڵبژاردن بچین و دەبێ پارتی متمانەی گەل بپارێزێت.
سەرۆک مەسعود بارزانی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 19ـی 08ـی 2023 لە شاری دهۆک، لەگەڵ کادیرانی پێشکەوتووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەڤەری بادینان کۆبووەوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا كە بەمەبەستی ڕاگۆڕینەوە لەمەڕ كێشەكانی هاووڵاتییان و ئاگاداربوون لە ڕەوشی ڕێكخستنە حزبیەكان و بەدواداچوونی ئەنجامەكانی كۆنگرەی 14ـی پارتی ڕێكخرابوو، سەرۆک بارزانی گوتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد.
لە گوتەكەیدا سەرۆک بارزانی تیشكی خستەسەر بارودۆخی حزب و بڕیارەكانی كۆنگرەی 14ـی پارتی و هەروەها بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و كۆسپەكان لە قۆناغی ئێستا و داهاتوو. سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە لە بابەتی هەڵبژاردندا پارتی هەر لەدوای ڕاپەڕین دەستپێشخەر بووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و گواستنەوە لە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بۆ شەرعییەتی دەستووری، جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە بەرەو هەڵبژاردن بچین و دەبێ پارتی متمانەی گەل بپارێزێت. ئەوەشی خستەڕوو كە هەر كەس و لایەنێک پەرۆشی بەرژەوەندییەكانی كوردستان بێت هەرگیز كۆسپ بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن دروست ناكات. سەرۆک بارزانی دووپاتیشی كردەوە كە دەبێ لایەنە سیاسییەكان سەرباری جیاوازیی بۆچوونیان لەسەر هێڵە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و پاراستنی قەوارەی هەرێم كۆک و هاوڕا بن.
سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا ڕۆشنایی خستەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵ و كورتەیەكی لە مێژووی ئەو پەیوەندییە لە 20 ساڵی ڕابردوودا باس كرد و جەختی كردەوە كە بۆ ئەوەی عێراق بتوانێ سەقامگیر بێت دەبێ هەموو لایەک ڕەچاوی پابەندبوون بە دەستوور و پڕەنسیپەكانی شەراكەت و هاوسەنگی و تەوافوق بكەن.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی داوای كرد كە كار بۆ قووڵتركردنی هەستی نیشتمانپەروەری لەناو گەنجەكان و هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییان لەمەڕ هەڕەشەكان و پاڵپشتیكردنی حكوومەتی هەرێم بكرێت.
دوای گوتەكەی سەرۆک بارزانی، دەرگەی گفتوگۆ و پرسیار و ڕەخنە و تێبینیی بۆ ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە كرایەوە و سەرۆک بارزانی وەڵام و بەرچاوڕوونیی پێویستی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.