سەرۆک بارزانی لەگەڵ وەزیر و ئەندامانی فڕاكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بەرپرسانی پارتی لە بەغدا كۆبووەوە و جەختی کردەوە کە پێویستە مافە دەستوورییەکانی قەوارەی یاسایی و دەستووری کوردستان و گەلەکەی پارێزراو بێت، چونکە ئەم هەرێمە بەرهەمی خەباتێکی دوور و درێژە لەپێناوی ئازادی.
سەرۆک مەسعود بارزانی ئەمڕۆ پێنجشەمە 17ـی 08ـی 2023 لە سەڵاحەدین لەگەڵ وەزیر و ئەندامانی فڕاكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بەرپرسانی پارتی لە بەغدا كۆبووەوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسی و دوایین پێشهاتەکان تاوتوێ کران.
هەر لەم دیدارەدا د.فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوە و ئەندامی مەکتەبی سیاسی تێڕوانینێکی گشتی لەبارەی ئامادەکاریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و گرنگترین ئەو یاسایانەی خستەڕوو کە لەم وەرزەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ دەکرێن، لەوانەش یاسای نەوت و غاز، یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی و یاسای دادگەی فیدراڵی.
سەرۆک بارزانی لە گوتەیەکدا دووپاتی کردەوە کە ''ئێمە خاوەنی پرسێكی ڕەواین، لە هەموو قۆناغەكانیشدا لە پڕۆسەی سیاسیدا هەمیشە پابەندین بە هەرسێ بنەمای تەوافوق و شەراکەت و هاوسەنگی، هاوكات پێویستە مافە دەستوورییەکانی قەوارەی یاسایی و دەستووری کوردستان و گەلەکەی پارێزراو بێت، چونکە ئەم هەرێمە بەرهەمی خەباتێکی دوور و درێژە لەپێناوی ئازادی .''
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.