Erbil 17°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 06:48

سوودانی گلۆپی سه‌وز بۆ سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌ت هه‌ڵده‌كات

کوردستان TV
100%

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئه‌مڕۆ سێشه‌م گلۆپی سه‌وزی بۆ سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كان هه‌ڵكرد بۆ ده‌ستپێكردنی پڕۆژه‌ و به‌رنامه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانیان دوای ده‌رچوون و چوونه‌ بواری جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه‌ی گشتی فیدڕالی و ڕێنماییه‌كانی.

نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڵاوی كرده‌وه‌: محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق فه‌رمانی به‌ سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كان كرد ڕاسته‌وخۆ ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ و به‌رنامه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان بكه‌ن ئه‌وانه‌ی كه‌ كاری‌ هونه‌ری و دارایی و یاساییه‌كانیان ته‌واو بووه‌.

بڵاویشی كرده‌وه‌: سه‌رۆك وه‌زیران فه‌رمانیشی كرد سه‌ره‌تا ئه‌و پڕۆژه‌ و به‌رنامه‌ خزمه‌تگوزارییانه‌ بهێنرێنه‌ پێشه‌وه‌ كه‌ ڕاسته‌وخۆ سوود و په‌یوه‌ندی به‌ ژیانی رۆژانه‌ی به‌ رێژه‌یه‌كی زۆری هاووڵاتییانه‌وه‌ هه‌یه‌.

نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ محه‌مه‌د شیاع سوودانی فه‌رمانی به‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی پلاندانان و داراییش كرد تا رۆژی 24ی ئه‌م مانگه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد بۆ ته‌رخانكردنی پاره‌ و بودجه‌ بكه‌ن بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كانی ته‌شغیلی و وه‌به‌رهێنان له‌چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌كانی حكوومه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای یاسای بودجه‌ی گشتی.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا به‌ فه‌رمی یاسای بودجه‌ی فیدڕالی بۆ هه‌رسێ ساڵی (2023، 2024 و 2025) له‌ رۆژنامه‌ی وه‌قائیعی عێراقی بڵاو كرایه‌وه‌ و به‌مه‌ش به‌فه‌رمی یاسای بودجه‌ی فیدڕالی كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.