9 گەورە بازرگانی ماددەهۆشبەرەکان دەستگیر کران و دەستبەسەر بڕی زیاتر لە 452 کیلۆگرام حەب و 50 کیلۆگرامدا گیرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 06ـی 08ـی 2023 لە ڕاگەیەنراوێک بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دوای وەرگرتنی بڕیاری دادگەی لێکۆڵینەوەی ئاسایش، تیمی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایتیەکەمان بە هاوکاری دژەتیرۆری کوردستان لە ڕێکەوتی 01ـی 08ـی 2023 توانیان 3 بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر بکەن، لە لێکۆڵینەکان دەرکەوت کە ئەم 3 تۆمەتبارە ئەندامی باندێکی نێودەوڵەتیی ماددەی هۆشبەرن و زانیاری تەواویان لەسەر چەند کۆگەیەکی ماددەی هۆشبەر هەیە لەناو عێراق و هەرێمی کوردستاندا.
ڕاشیگەیاند: دوای هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش، دواتر ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەنێوان بەڕێوەبەرایەتییەکەمان و دژەتیرۆری کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرکانی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک پێکهێنرا، توانرا لە پارێزگای دهۆک 3 گەورە بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر بکرێن و لەگەڵیشیان دەستبەسەر بڕی (236) کیلۆگرام حەبی کەپتاگۆن و (35) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری ئەفیوندا بگیرێت.
ئەوەشی خستەڕوو کە لە ناوچەی ڕەبیعە و پارێزگای ڕوومادی بە هەمانشێوە (6) بازرگان دەستگیر کران و لەگەڵیشیان دەستبەسەر بڕی (216) کیلۆگرام حەبی کەپتاگۆن و (15) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری ئەفیوندا گیرا.
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان ئاماژەی بەوەش داوە کە سەرچاوەی ماددەهۆشبەرەکانی ئەم تۆڕە مەترسیدارە نێودەوڵەتییە لە وڵاتانی دراوسێ بووە بە ئاراستەی هەرێمی کوردستان و عێراق لەوێشەوە بە ئاراستەی وڵاتانی کەنداو ڕۆیشتووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.