Erbil 8°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 02:49

یه‌كه‌م وڵات پێشوازی له‌ دیاریكردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كرد

12 ئایاری ئەمساڵ هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەدەچن
کوردستان TV
100%

كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌مشه‌و پێنجشه‌م وه‌ك یه‌كه‌م وڵات پێشوازی له‌ دیاریكردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كرد.

سه‌رله‌ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان فه‌رمانێكى هه‌رێمى واژۆ كرد بۆ دياريكردنى ڕۆژى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى گشتيى بۆ خولى شه‌شه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان ـ عێراق و به‌ فه‌رمی رۆژی 25/2/2024ی دیاری كرد بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن.

هه‌ر دوای ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌، رۆزی كه‌یڤ كونسوڵی گشتیی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ تویتێكدا ڕایگه‌یاند "پێشوازی له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كه‌ی سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی ده‌كه‌ین كه‌ بڕیاری دا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانی له‌ 25ی شوباتی 2024 به‌ڕێوه‌بچێت".

ڕاشیگه‌یاند "به‌ریتانیا به‌رده‌وام داوای كردووه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی ئازاد و دادپه‌روه‌رانه‌ و گشتگیر و به‌بێ دواكه‌وتنی زیاتر ئه‌نجام بدرێت".

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند "هانی هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌ده‌ین كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی بنیاتنه‌ر به‌شداریی بكه‌ن، وه‌ بۆ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان دڵنیابن له‌وه‌ی له‌ كاتی خۆیدا به‌ڕێوه‌ ده‌چن".

كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا "ئه‌مه‌ ده‌رفه‌تێكی گرنگه‌ بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانی عێراق بۆ تێكه‌ڵبوون له‌ پڕۆسه‌ی دیموكراسی و به‌رجه‌سته‌كردن و به‌كارهێنانی مافی ده‌نگدانیان".

دلشاد شهاب گوته‌بێژى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م له‌ كۆنگره‌يه‌كى ڕۆژنامه‌وانيدا ده‌رباره‌ى واژۆكردنى فه‌رمانه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ دیاریكردنی رۆژی هه‌ڵبژاردن‌، باسى له‌وه‌ كرد كه‌ واده‌ى هه‌ڵبژاردن دواى ڕاوێژ و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌كان ديارى كراوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ دیاریكردنی رۆژه‌كه‌ش، گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ سه‌رجه‌م حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ڕازین كه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ رۆژی 25ی شوباتی 2024 به‌ڕێوه‌ بچێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.