Erbil 7°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 04:28

ئه‌حمه‌د خه‌لایله‌ بۆ نێچیرڤان بارزانی: پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان سه‌رسامیان كردم

کوردستان TV
100%

له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئوردن ڕایگه‌یاند كه‌ پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كان سه‌رسامیان كردووه‌.

پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى ‏هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ ئەحمەد خەلایلە جێگری یەکەمی سەرۆکی ‏ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئوردن و شاندێکی یاوەری کرد.‏

له‌ ديدارێكدا به‌رنامه‌ى سه‌ردانى شانده‌كه‌ بۆ به‌غدا و هه‌ولێر، په‌يوه‌ندييه‌كانى ‏ئوردن له‌گه‌ڵ عێراق و به‌تايبه‌تى په‌يوه‌ندييه‌ له‌مێژينه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى ‏كوردستان و بره‌وادان به‌ هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان له‌ بواره‌ جياكاندا تاوتوێ ‏كرا.‏

نێچيرڤان بارزانى سه‌ردانه‌كه‌ى به‌ نيشانه‌ى پشتگيريى ئوردن له‌ عێراق و ‏هه‌رێمى كوردستان له‌ قه‌ڵه‌م دا و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ هه‌رێمى كوردستان ‏په‌يوه‌ندييه‌كانى ئوردن و عێراق به‌ گرنگ ده‌زانێت و پشتگيرى لێ ده‌كات، هه‌روه‌ها ‏سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگيريى  شا عه‌بدوڵاى دووه‌م ‏و شانشينى ئوردن له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق دووپات كرده‌وه‌.‏

لاى خۆيه‌وه‌ شاندى ميوان وێڕاى سوپاس و پێزانين بۆ ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان ‏له‌ تێكشكاندنى داعشدا، سه‌رسامی خۆيان به‌ پێشكه‌وتنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ‏ده‌ربڕى و جه‌ختيان له‌ پشتگيريى وڵاته‌كه‌يان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ‏كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها باسيان له‌ ده‌رفه‌تى هاريكاريى هاوبه‌شى هه‌ردوولا له‌ بواره‌كانى ‏ته‌ندروستى، گه‌شتيارى، كولتوورى، په‌روه‌رده‌يى و ئاڵوگۆڕى بازرگانيدا كرد.‏

تاوتوێكردنى دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌ گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى ‏هاوبه‌ش، لايه‌نێكى ديداره‌كه‌ بوو كه‌ جێگرى يه‌كه‌مى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى ‏نوێنه‌رانى عێراق ئاماده‌ى بوو.‏

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.