Erbil 15°C دووشەممە 01 تەمووز 21:35

مه‌سرور بارزانی: پشتیوانیی خۆمان بۆ داخوازییە ڕەواکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان دووپات دەکەینەوە

کوردستان TV
100%


مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی له‌ ساڵیادی  جێنۆسایدی ئێزدییان و کۆمەڵکوژی شنگال بڵاوكرده‌وه‌.
له‌ په‌یامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانییدا هاتووه‌،نۆ ساڵ لەمەوبەر، تیرۆریستانی داعش هێرشێکی دڕندانەیان کردە سەر شنگال و دەوروبەری و بەوهۆیەوە، هەزاران كەس لە دانیشتووانی ئەو دەڤەرە، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن و ئاوارە کران.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راشیده‌گه‌ێنێت،لەم یادە خەمگینەدا، بە ڕێز و شکۆوە یادی هەموو قوربانییانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەینەوە، هەروەها بە پێزانینێکی زۆرەوە یادی خۆڕاگری و قارەمانیەتی و قوربانیدانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەینەوە ، کە ئەفسانەی چەکدارە تیرۆریستەکانی داعشیان تێکشکاند و شنگالیان ڕزگار کرد و داستانێکی مێژووییان تۆمار کرد.
مه‌سرور بارزانی راشیگه‌یاندووه‌، دەستخۆشی لە هەموو ئەو وڵاتانە دەکەین کە تاوانەکانی تیرۆریستانی داعشیان لە دژی کوردی ئێزیدی بە فەرمی بە جێنۆساید ناساندووە . 
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌شڵێت، هیوادارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکار و یارمەتیدەرمان بێت لە کەمکردنەوەی ئێش و ئازارەکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان .
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانییدا هاتووه‌، بە داخەوە دوای تێپەڕبوونی نۆ ساڵ بەسەر کارەساتەکەدا ، کەچی هێشتا بارودۆخی دەڤەری شنگال ئاسایی نەبووەتەوە و بەهۆی خۆسەپێنی میلیشیا و گرووپە چەکدارە نایاساییەکانەوە، خوشک و برا ئێزدییەکانمان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانیان و ناوچەکە ئاوەدان نەکراوەتەوە.
له‌ كۆتاییدا سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌ێنێت،لەم یادەدا، پشتیوانیی خۆمان بۆ داخوازییە ڕەواکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان دووپات دەکەینەوە و پێویستە کۆتایی بە دۆخی نائاسایی شنگال بهێنرێت. هەروەها جەخت لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی ئەو هێزە نایاساییانەی لە ناوچەکەدا هەن دەکەینەوە، بۆ ئەوەی بە هاوکاری حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دەڤەرەکە ئاوەدان بکرێتەوە و دەسەڵاتی ناوچەکەش بگەڕێتەوە دەست خەڵکی ڕەسەنی شنگال،سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کۆمەڵکوژی شنگال و گشت شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.