Erbil 9°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 06:55

سبەی لیستی دابەشکردنی مووچە بڵاو دەکرێتەوە

Abdulla azad
100%

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، خەریکی ئامادەکردنی لیستی مووچەن و بڕیارە سبەی لیستی مووچە ڕابگەیەنرێ.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 02ـی 08ـی 2023 سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان تایبەت بە (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند: دوای ئەوەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستانی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی ئەو پارەیەی لە بەغدا نێردرابوو ڕاسپارد، ئێستا خەریکی ئامادەکردنی لیستی مووچەین.

ڕاشیگەیاند: بڕیارە سبەی پێنجشەممە، دوای گەیشتنی ئەو پارەیەی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بڕەپارەکەی بەغدا تەرخان کراوە بۆ سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری، ڕاستەوخۆ لیستی مووچە ڕابگەیەنین.

ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوەش دا کە ''هەوڵ دەدەین بەزووترین کات و بە کەمتر لە هەفتەیەک مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان دابەش بکەین.''

ئەمە لەکاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ چوارشەممە پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕوونی کردەوە کە ''ئێمە بۆ دابینکردنی مووچە پێویستیمان بە 912 ملیار دینارە کە لە عێراقەوە بێت، بەڵام نەک شایستەی دارایی نەنێردرا تەنانەت پارەی پێویستی مووچەش نەنێردرا و تەنیا 598 ملیار دینار واژۆی لەسەر کراوە کە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.''

گوتەبێژی حکوومەت لە ڕاگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەش دا کە ''مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی ڕاسپارد بەخێرایی خشتەی مووچە ڕابگەیەنن و دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت و ئەو کورتهێنانەشی هەیە پڕبکرێتەوە.''

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.