Erbil 15°C شەممە 29 حوزەیران 16:20

لە هەرێمی كوردستاندا خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی كارەبایی زیاد بووە ؟

کوردستان TV
100%

ئۆتۆمبێلی كارەبایی كە بە وزەی كارەبا كاردەكات بە بەراورد بە ئۆتۆمبێلی دیكە چەندین گۆڕانكاری تیادا كراوە و یەكێكیان بریتییە لە گۆڕینی بزوێنەری ئۆتۆمبێلەكە و دانانی هێزی كارەبایی لە شوێنیدا كە وزەی پێویستی پێدەدات لە رێگەی پاتری كارەباییەوە.
ئێستا لە ھەرێمی كوردستان دەیان ئۆتۆمبێلی كارەبایی ھەن و ئەم ئۆتۆمبێلانە بە دۆستی ژینگە ناسراون بەهۆی ئەوەی لەكاتی كاركردن و رۆیشتیندا هیچ دەردراوێكیان نییە لەگەڵ ئەوەشدا یەكێك لەو گرفتانەی رووبەڕووی ئەم ئۆتۆمبێلانە دەبێتەوە، بریتییە لە بارگاویكردن.
ئەوكەسانەی كە خاوەن ئۆتۆمبێلی كارەبایین پێویستە لە ماڵەوە بارگاوی بكەن و ئەمەش كاتێكی زۆری پێویستە كە نزیكەی 10 كاتژمێر دەخایەنێت و بەتەواو بارگاویبوون، توانای رۆیشتنی 500بۆ 550كیلۆمەتری هەیە.
لەئێستادا بۆ یەكەمجار كۆمپانیایەكی بەرهەمهێنانی وزەی خۆر لە شاری هەولێر، ئامێرێكی بارگاویكردنی خێرای لەبەردەم كۆمپانیاكە داناوە و هاووڵاتییان بەخۆڕایی دەتوانن ئۆتۆمبێلەكانیان لەماوەی دوو كاتژمێردا بارگاوی بكەن، خاوەن ئۆتۆمبێلێكیش وێرای بەراوردكاری نێوان ئۆتۆمبێلی كارەبایی و ئۆتۆمبێلی بەنزین، بە پێویستیشی دەزانێت كە وێستگەی بارگاوییكردنی خێرا لە سەنتەری شار و رێگاكانی دەرەوەی شار دابنرێت.
لەوبارەیەوە جەمال محەمەد ،خاوەن ئۆتۆمبێلی كارەبایی گوتی: زیاتر لە یەك ساڵە ئەم ئۆتۆمبێلەم لەلایە، ئەم ئۆتۆمبێلانە بەراورد بە ئۆتۆمبێلەكانی دیكە جیاوازییەكەیان بە دوو شێوازە، شێوازێك ئەوەیە كە كاركردنی ئەم ئۆتۆمبێلانە هەمووی بە وزەی كارەبایە، شێوازەكەی دیكە بابەتی ئاسوودەیی و پیسنەكردنی ژینگە و بێدەنگیانە، لێخوڕینی جیاوازە و زۆر خێرا و ئاسوودەبەخشە بەراورد بە ئۆتۆمبێلی دیكە.

جەمال محەمەد لەبارەی ئەو كێشە و گرفتانەی كە رووبەڕووی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە دەبنەوە، گوتی: لەماوەی رابردوودا بە پلە یەك ئەو گرفتانەی رووبەڕوومان بووەتەوە بابەتی بارگاویكردنە بە تایبەت لە میانی گەشتكردنمان بۆ رێگا دوورەكان.
گوتیشی: لە رووی پێكهاتەی تەكنیكی و میكانیكییەوە، ئەم ئۆتۆمبێلانە كەمتر تووشی پەككەوتن دەبن، چونكە بزوێنەر و گێڕبۆكسیان نییە، هەروەها فیول پەمپ و ئەو گرفتانەیان نییە، پەككەوتنەكەیان ئەوەیە كە ئەگەر لە رووداوێكدا تووشی ببێت و پێویستیت بە پارچەی ئۆتۆمبێلەكە بێت، ئەگەرنا هەموو پەككەوتنەكانیان بە سۆفتوێر چارەسەر دەبێت.
هەر لەمبارەیەوە محەمەد روبەیعی خاوەنی پێشانگای بێجان، گوتی: جۆرەكانی ئۆتۆمبێلی كارەبایی زۆرن، لەئێستاشدا بەهۆی گرفتی بەنزین و كێشەكانی دیكەی ئۆتۆمبێلی بزوێنەردار، خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی كارەبایی زۆرە، ئەم ئۆتۆمبێلانەش چەند جۆرێكیان هەیە كە هەر جۆرە و وڵاتێك بەرهەمیهێناوە.
روبەیعی لەبارەی نرخی ئۆتۆمبێلی كارەبایی گوتی: نرخەكان جیاوازن، بەڵام ئۆتۆمبێلی كارەبایی بەراورد بە ئۆتۆمبێلی بزوێنەردار گرانترە، بەجۆرێك ئێمە زیاتر ئۆتۆمبێلی دروستكراوی ئەڵمانیا هاوردە دەكەین كە نرخیان نزیكەی 34 بۆ 35 هەزار دۆلارە.
 

کوردستان ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.