سەرۆک وەزیرانی عێراق زانیاریی لەبارەی ئەو پرس و بابەتانە خستەڕوو کە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێی دەکەن، جەختیشی کردەوە کە هەردوولا ویستی جێبەجێکردنی ڕێكکەوتنیان هەیە بەبێ دواخستن.
ئەمڕۆ سێشەممە 01ـی 08ـی 2023 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرپەرشتیی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیران کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکە سوودانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ئەنجام دا.
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا باسی لەو پرس و بابەت و هەماهەنگییانەی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەن، کرد، کە گرنگترینیان ئەمانە بوون:-
- حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بەرپرسیارن بەرامبەر بە ڕێککەوتنی سیاسیی و ناوەڕۆکی یاسای بودجە، ئەمڕۆش پشکی هەرێمی کوردستان نێردرا
- هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 55 هەزار بەرمیل نەوت دەداتە وەزارەتی وەزارەتی نەوتی عێراق
- هەموو لایەک ویستی جێبەجێکردنی ڕێكکەوتنیان بەبێ دواخستن هەیە، تاوەکو کاریگەریی نەرێنی لەسەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان نەبێت.
- بەرپرسیارین بەرامبەر بە هاووڵاتییانمان لە هەولێر و سلێمانی، هاوشێوەی هاووڵاتییانی بەغدا و ئەنبار و بەسڕە، حکوومەتیش حەزی لە چارەسەرکردنی کێشەکانە و حەز ناکات بارگرانی بکەوێتە سەر هاووڵاتییان.
- ئەم هەفتەیە ڕێنماییەکانی جێبەجێکردنی بودجە بڵاو دەکرێنەوە.
- سبەی کۆبوونەوەیەکی گرنگ بە ئامادەبوونی سەرکردە سیاسییەکان و تەکنییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوت ئەنجام دەدەین بۆ تاوتوێکردنی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز.
- بەهەماهەنگی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تۆڕێک لە قاچاخچییەکانی دۆلار دەستگیر کران.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.