کەسێک لە پارێزگای سلێمانی دوای ئەوەی کچێکی نەوجەوانی تەمەن 11 ساڵ هەڵدەخەڵێنێت، بەرەو هەولێر و پاشان بەرەو دهۆک دەڕفێنێت، لەلایەن ئاسایشی دهۆکەوە دەستگیر دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 01ـی 08ـی 2023 بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان ڕایگەیاند: یەكێک لە نووسینگەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان ئاگادار كرایەوە كە كچێكی نەوجەوان كە تەمەنی تەنیا (11) ساڵە لەلایەن كوڕێكەوە هەڵخەڵەتێنراوە و بەرەو سنووری هەولێر و دهۆک هەڵهاتوون، لە ماوەیەكی كەمدا بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزانمان لە دهۆک ئاگادار كردەوە، توانرا بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتییەکە و بە هەماهەنگی ئاسایشی(دهۆک) لە ماوەی چەند كاتژمێرێكی كەمدا لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستگیر بكرێن دواتر دەگوازرێنەوە بۆ هەولێر و پاشان لە ڕێگەی دەزگای ئاسایشی ( هەولێرەوە) دەگەڕێنرێنەوە بۆ سلێمانی.
ڕاشیگەیاند: پاش مانەوەی كچە نەوجەوانەكە لە خانەی داڵدەدراوی ئافرەتانی هەڕەشە لێكراو بەمەبەستی دڵنیابوون لە سەلامەتی تەندروستی ئاگاداركردنەوەی كەسوكاری كە پێشتریش بەردەوام لە پەیوەندیدا بووین، دواتر باوكی كچەكە بانگ كرا و لەڕێگەی كەسانی یاسایی و توێژەرانی كۆمەڵایەتی و دەروونییەوە ڕێنمایی پێدرا و لە سەلامەتی كچەكەی دڵنیا كرایەوە، كچەكەش باسی لەوە كرد كە تۆمەتبارەكە بەزۆر ڕفاندوویەتی هەڕەشەی كوشتنی لە خۆی و باوكی و براكەی كردووە و ناچاری كردووە كە بڕێک پارەش لە ماڵەوە بهێنێت بە نیازی ئەوەی كە دەچنە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بۆیە ناچار شوێنی كەوتووە.
لە ڕاگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەش دراوە کە كچە نەوجەوانەكە داوای سكاڵای یاسایی كرد لەدژی تۆمەتبارەكە، لەلایەن نووسینگەیەكی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی دڵنیا كرایەوە كە بەدواداچوون و چاودێری كێشەكەی دەكرێت پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبار کراوەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان جەخت دەکاتەوە کە بوونی پەیوەندی كاركردن لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیی و نووسینگەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی لەسەرجەم شار و شارۆچكەكان كاری دەستگیركردن و هەڵاتنی تۆمەتباران ئاسان دەكات و كارەكان باشتر و خێراتر بەڕێوە دەبرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.