Erbil 33°C ھەینی 20 ئەیلوول 12:39

لە هەرێمی کوردستان 135 نەخۆشخانە و 1047 بنکە خزمەتی تەندروستی پێشکەش دەکەن

کوردستان TV
100%


ژێرخانی تەندروستیی هەر وڵاتێک گوزارشتە لەو توانا مرۆیی و نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییانەى هەن و بە پێی ژمارەى دانیشتووان و نەخۆشانى ئەو وڵاتە دەپێورێن. بۆ ئەو مەبەستەش ڕێکخراوى تەندروستیی جیهانی (WHO)، چەند پێوەرێکی بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو ژێرخانەى تەندروستیی وڵاتان دیاری کردووە، کە بریتین لە: ژمارەى دامەزراوەکانی چارەسەرکردن بە نەخۆشخانە و بنکە و سەنتەرە پزیشکییەکان، تێکڕاى دانیشتووان بەرامبەر بە ژمارەى پزیشک، تێکڕاى دانیشتووان بۆ پزیشکانی ددان، ژمارەى قەرەوێلە بەردەستەکان بۆ پێشوازیکردن لە نەخۆش، ژمارەى پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی و ئامێرە تەکنەلۆژییە پزیشکییەکانە.
بە پێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی، لە هەرێمی کوردستان، 135 نەخۆشخانە ( 52 ئەهلی و 83 حکوومی) و هەزار و 47 بنکەى تەندروستی هەن، کە بنکەکان 16%یان دەکەونە شارەکان، 32% دەکەونە قەزاکان، 11% لە ناحیەکان و 41% لە گوندەکانن. بەوەش ڕێژەى هەرە بەرزی بنکە تەندروستییەکان، کە خزمەتگوزاریی گونجاویان تێدا پێشکەش دەکرێت و فشار لەسەر نەخۆشخانەکان کەم دەکەنەوە، کەوتوونەتە ناوچە گوندنشینەکانی کوردستان.
لە بارەى ژمارەى قەرەوێلەى ئامادەکراو بۆ مانەوەی نەخۆشەکان، کە یەکێکی دیکە لە پێنوێنەکانی پێهەستانی کارایانەى کەرتی تەندروستییە، کۆی گشتیی قەرەوێڵەى بەردەست، 11 هەزار و147 قەرەوێڵەن، کە 8 هەزار و 179یان لە کەرتی حکومیدانە و 2 هەزار و 968 قەرەوێڵەی لە کەرتی تایبەتدان. بەمەش بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێم، هەرێمی کوردستان بۆ ژمارەى قەرەوێڵە بەرامبەر ژمارەى دانیشتووان، لە پێش وڵاتانی عێراق و سووریا و ئەردەن و ئێران و بەحرێن و قەتەرەوەیە.
لە بارەى ژمارەى پزیشکانەوە، کۆی ژمارەى پزیشکان لە هەرێمی کوردستان 7 هەزار و 871 پزیشکە. کە لە دابەشبوونیان بۆ هەر 10 هەزار کەسێک، لە پێش عێراقەوەیە. لە ڕووی کۆی پزیشکانی ددانیش بۆ هەر 10 هەزار کەسێک، هەزار و 464 پزیشکی هەیە و لە پێش وڵاتانی ئێران و سعودیەوەیە. بۆ ژمارەى پەرستارانیش خاوەنی 22 هەزار و 147 پەرستارە، کە ڕێژەى هەرە بەرزیان کچ و ژنن و لە دابەشکردنیدا بۆ سەر هەر 10 هەزار کەسێک، لە پێش لوبنان و سووریاوەیە.
کۆى گشتیی ئەو ئامێرە ستراتیجییە پزیشکییانەى لە نەخۆشخانە حکومییەکانی هەن و لە کاردان، 6 هەزار و 177 ئامێرن و بەردەوامیش لە زیادکردندان.
لە کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، ئاستێکی باشتر لە ڕەزامەندیی خەڵک بۆ کەرتی تەندروستی هەیە، ئەوەش بە پێی ئەو داتایەى کە لە ساڵی2022، نزیکەى 14 ملیۆن و 499 هەزار و 152 سەردان بۆ بنکە تەندروستییەکان، نەخۆشخانەکان، سەنتەرى پسپۆڕی و فریاکەوتن و نۆرینگەى ڕاوێژکاریی بەیانیان و ئێواران کراوە. هەر لەو چوارچێوەیەدا و لەو ساڵەدا، 232 هەزار و 532 نەشتەرگەریی جۆراوجۆرى سەرووگەورە و گەورە و ناوەند و بچووک لە پسپۆڕیی جیاجیادا کراون و ئەمەش ڕۆڵی هەبووە لەوەى چارەخوازان کەمتر ڕوو لە دەرەوەى کوردستان بکەن و تێچوونی زیاتریان نەڕوات.
کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرباری بارودۆخی تایبەتی دارایی و پەتاى کۆرۆنا، هەوڵی زۆرى داوە ژێرخانی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ببووژێنێتەوە و لەو کارنامەیەشدا ئامانجییەتی هێز و توانا و پێگەى دامەزراوە تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی کەرتی حکومی زیاتر بەرز بکاتەوە، تاکوو بگاتە ئاستێکی نزیکی پێوەرى جیهانی.

 


دانانی هه‌واڵ - شوان عه‌زیز
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.