Erbil 8°C چوارشەممە 27 تشرینی دووەم 03:29

وه‌زاره‌تی شه‌هیدان: به‌هۆی مێژووی تێكۆشانیان له‌پێناو ئازادیدا‌ 8 هه‌زار بارزانی جینۆساید كران

کوردستان TV
100%

سبه‌ی دووشه‌م 40 ساڵ تێپه‌ڕ ده‌بێت به‌سه‌ر تاوانی جینۆسایدی بارزانییه‌كان له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ یاده‌كه‌، وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یانراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا ڕایگه‌یاند كه‌ 8 هه‌زار بارزانی بێتاوان ته‌نیا به‌هۆی مێژووی تێكۆشانیان له‌پێناو ئازادیدا جینۆساید كران.

وه‌زاره‌تی شه‌هیدان ڕاشیگه‌یاند: بەپێویستى دەزانین کە دەوڵەت و حکوومەتى عێراقى فیدراڵ بە داوای لێبوردن و ئەرکى دەستوورى و یاسایى خۆیان هەستن و پابەندبوونە دەستوورییەکان و بڕیارەکانى دادگا جێبەجێ بکەن، بە قەرەبووکردنەوەى سەرجەم زیانلێکەوتووانى دەستى ڕژێم لە کوردستان هەروەک لە ماددەى (132) ی دەستوورى هەمیشەیى عێراقدا دەقنووس کراون.

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانه‌ له‌ یادی 40 ساڵه‌ی جینۆسایدی بارزانییه‌كان:-

ڕژێمى بەعسى ڕووخاو لە درێژەى پیادەکردنى سیاسەتى پاکتاوی رەگەزی خۆیدا دژ بە گەلى ستەمدیدەی کوردستان 40 ساڵ بەر لەئێستا ، دەستیکرد بە جینۆسایدی بارزانییەکان، دیارە ئەوەش دەستپێکی پیلانێکى گەورەتر بوو بۆ لە ناوبردن و پاکتاوکردنى ڕەگەزیی گەلێک کە دەیویست لەسەر خاکەکەى خۆى بە ئازادى بژى .

جینۆسایدکردنى بارزانییەکان تاوانێکى گەورەى دژبە بەها مرۆییەکان بوو کە تیایدا 8 هەزار مرۆڤى بارزانى بێتاوان تەنها بەهۆى کوردبوون و مێژووى تێکۆشانیان لەپێناوی ئازادیدا جینۆساید کران .

دوابەدواى ڕێکەوتننامە بەدناوەکەى جەزائیر لە ساڵى 1975 ڕژێمى بەعسی لە ناوچوو کەوتە داڕشتنى پیلانى لەناوبردنى گەلى کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش لە سەرەتاوە مەڵبەندى تێکۆشانى سەدەیەک خەبات و زێدى شۆرشگێرانیان لە بارزان کردە ئامانج، لە سەرەتای ساڵى 1977 دا هەزاران خانەوادەى بارزانییەکانیان بەرەو ناوەڕاست و باشوورى عێراق ڕاگوێزران، دواتر گوازرانەوە بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکانی بەحرکە و قوشتەپە و هەریر و گۆڕەتوو دەوروبەرى هەولێر.

پیلانى نەخوازراوى رژێمى بەعسى روخاو بەردەوام بوو بۆ ئەنجامدانى جینۆسایدى بارزانییەکان تا لە ڕۆژى 31ى مانگى تەمووزى ساڵى 1983 یەکەمین قۆناغى جینۆسایدى بارزانییەکان دەستی پێ کرد و بە سێ قۆناغ لە ماوەى 12 ڕۆژدا زیاتر لە 8 هەزار مرۆڤى بێ تاوانى بارزانییەکان دەستگیرکران و لە بیابانەکاندا بێسەروشوێن کران و هەزاران خانەوادە ماڵوێران کران و لە دواى ئەو تاوانە کەوتنە ژێربارى سەختى پەروەردەکردنى خێزان و منداڵەکانیان و لەو پێناوەدا تەمەنى خۆیان لە چاوەڕوانى چارەنووسی کەسوکارەکانیان بەسەر برد.

کەسوکارى سەربەرزى جینۆسايدكراوان.

وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ سۆراخ و گەڕانەوەى ڕووفاتەکانیان بۆ زێدى خۆیان، پارساڵیش لەم یادە کارەساتبارەدا هاوکات لە گەڵ 39 هەمین ساڵیادى جینۆسایدی بارزانییەکان 100 ڕووفاتى ترى قوربانیانى جینۆسایدى بارزانییەکان کە لە بیابانەکانی پاڕێزگاى موسەنای باشوورى عێراق دۆزرانەوە گەرێنرانەوە هەرێمی کوردستان لە ڕێورەسمێکى شکۆداردا بەرێز و شکۆوە بەرەو دوا مەنزڵگەیان لە گۆڕستانى جینۆسایدکراوانى بارزان بەخاک سپێردران.

ئەگەرچى ئەم تاوانە زامێکى قوڵى جەستەى نەتەوەکەمانە و ساڕێژبوونى ئەستەمە، مایەى شانازییە بۆ خەڵکی کوردستان بە گشتى کە ئەو شەهیدە سەربەرزانە لە یاد و زاکیرەى بە کۆمەڵى ملیۆناندا زیندوون و سەرچاوەى ئیلهامى ژیان و بەرخودانن و ئەنجامدەرانى ئەو تاوانە گەورەیەش لە دۆزەخى بیرەوەرى مرۆڤایەتى و مێژوودان .

کەسوکارى ستەملێکراوان و قوربانیانى جینۆسایدى بارزانییەکان

ڕژێمى بەعسى رووخاو هەر بە جینۆسایدى بارزانییەکان کۆتایى بە پیلانەکەى نەهێنا، بەڵکو بە ئامانجى سڕینەوەى بوونى نەتەوەیيمان بەردەوام بوو لەسەر سیاسەتى لەناوبردنى گەلەکەمان بە وێرانکردنى گوندەکان و ڕاگواستنى دانیشتووانە سڤیلەکەى لە ژێر ناوى (شاڵاوەکانى ئەنفال) هەروەها کیمیابارانکردنى هەڵەبجە لە ساڵى 1988 و چەندین ناوچەى ترى کوردستان، کە دواجار هەموو ئەو تاوانکاریيانە بەگوێرەى یاسا و پەیماننامە و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بەبوونى سەدان گۆڕى بەکۆمەڵ و هەزاران بەڵگە و دۆکیۆمێنتى یاسایى بە جینۆساید ناسێندران و دادگاى باڵاى تاوانەکانى عێراق و ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقیش وەک تاوانى جینۆساید و تاوانى دژی مرؤڤایەتى و تاوانى جەنگ ناساندوونی .

لەم یادە کارەساتبارەدا ڕایدەگەیەنین وەک وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان لە چوارچێوەى بەرنامەى حکوومەتى هەرێمى کوردستاندا، هەموو تواناکانمان دەخەینەکار تا خزمەتى شایستە پێشکەش بە کەسوکارى سەربەرزى شەهیدان و ئەنفالکراوان بکەین و یادى قوربانییەکان بەرز ڕابگرین و کار دەکەین بۆ زیاتر بە جینۆساید ناساندنى ئەو تاوانانەى دەرحەق بە گەلەکەمان کراون، بەپێویستى دەزانین کە دەوڵەت و حکوومەتى عێراقى فیدراڵ بە داوای لێبوردن و ئەرکى دەستوورى و یاسایى خۆیان هەستن و پابەندبوونە دەستوورییەکان و بڕیارەکانى دادگا جێبەجێ بکەن، بە قەرەبووکردنەوەى سەرجەم زیانلێکەوتووانى دەستى ڕژێم لە کوردستان هەر وەک لە ماددەى (132) ی دەستوورى هەمیشەیى عێراقدا دەقنووس کراون.

نەمریی بۆ شەهیدانى جینۆسایدى بارزانییەکان و سەرجەم شەهیدانى ڕێگاى ڕزگاریى کورد و کوردستان

سلاو لە خانەوادە هەمیشە سەربەرزەکانیان

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.