Erbil 15°C پێنجشەممە 13 حوزەیران 18:00

رێزان محەمەد: زیاتر لە بەیانیان زوودا شیعرەكانم دەنووسم

کوردستان TV
100%

خاتوون"رێزان محەمەد" خاوەن بەهرێكی جوانی ئەدەبی شیعر نووسینە،جگە لەوەش لەبواری هونەری شێوەكاری توانیویەتی ئەسپی خۆی تاو بدات لە رێگەی تابلۆكانی چەندین پیشانگای هاوبەش و تایبەتی كردۆتەوە، ئێمە لەم دیمەنەیەدا لەرێگەی چەند پرسیارێكەوە،جەخت لە هەوڵەكانی شیعر نووسینی ئەو خاتوونە دەكەینەوە.
*پێمان باشە سەرەتا بۆ خوێنەرامان باس لە چۆنییەتی ئاشنا بوون بە شیعر بكەیت؟
- سەرەتای ئاشنا بوونم بە شیعر بۆ تەمەنی 9ساڵییم دەگەڕێتەوە، كاتێ بە شیعری مامۆستا( گۆران ) ئاشنا بووم ڕۆژانە بەدەنگ و بە دەموودوو شیعرە كانیم دەخوێندە  وە تاكو لەگەڵ شیعرا گەورە بووم لە ساڵی 93 دە ستم بە نووسین كردوو بەردە وام بووم لە نووسین وخوێندنەوە بێ ئەوەی بەرهەمەكانم بڵاوبكەمەوە تاكوو ساڵانی 2013 كە لە ڕێگەی كۆڕ و سیمینار و تیڤییەكانەوە لە نێو جەماوەردا لەرێگەی شیعرەكانم ناسرام ، تاكو ساڵی 2015 كە یەكەم بەرهەمم بڵاوكردەوە كە بریتی بوو لەئەلبوومێكی شیعرم لە 10تراك پێك ھاتبوو،دواتر  لە ساڵی 2022 دیوانە شیعرێكم بە ناوی "هەناسە" بڵاوكردەوە. 
*ئەو بابەتانە چین كە دەبنە هەوێنی شیعرەكانت؟
-زۆر بابەت لە شیعرەكانم دا رەنگی داوەتەوە بەڵام  زیاتر بابەتی خۆشەویستی خاك و نیشتمان و دایك  لەگەڵ بابەتی سۆزداری و ئەڤینی لەشیعرەكانمدا رەنگیان داوەتەوە.
* ئایا شیعر نووسین كات و ساتی دیاركراوی هەیە؟
 - ئەوەی راستی بێت زۆرێك لە شاعێرەكان بۆچوونیان وایە،كە نووسینی شیعر كات و ساتی دیاركراوای نییە بەڵام من  وەكو خۆم زیاتر لە بەیانیان زوودا شیعرەكانم دەنووسم.
*ئەو شاعیرانە كامەن كە كاریگەریان لەسەر بەرێزتان هەبووە؟
- بێگۆمان شاعیر زۆرن كە كاریگەریان لەسەرمن هەبووە،لەسەدە كانی رابردوو مامۆستا  گۆران و مەحوی و بێكەس،لە شاعێرە نوێیەكانیش كۆمەڵێ شاعیر كاریگەریان هەبووە بۆنموونە مامۆستا  جەمال غەمبار و لەتیف هەڵمەت.
* ئاستی خانمە شاعیرانی كودرستان چۆن دەبینی؟
- ئاستی خانمە شاعیرانمان  تارادەیەك باشە ،هەرچەندە شاعیری ژنی زۆریشمان هەیە، بەڵام كات و ساتیان بۆ نەڕەخساوە بۆ ئەوەی بەهرەی خۆیان دەربخەن، هۆكاریكش زۆرن لە وانەیە هەندێك لە هۆكارەكان كۆمەڵگا بێت هەندێكی تریش خودی خۆیان ئافرەتان بن. 
* لە كوردستان رەخنە گری ئەدەب و شیعرمان هەیە ئەگەر هەیە لە چ ئاستێك دایە؟
- بێگومان رەخنەگرمان زۆرو باشمان هەیە، كەشوێن پەنجەیان لە گۆڕەپانی جیهانی شیعر دیارە،  بەڵام بەداخەوە بەشێك لەو رەخنەگرانە،بەویژدانەوە هەڵسەنگاندن بۆ شیعرەكان ناگرن ،دەكەونە باری هاوڕێیەتی و بەرژەوەندی كارەكە ئەنجام دەدەن. 
* ئەگەر باس لە پڕۆژەی داهاتووی خۆتمان بكەیت؟
- لە بواری هونەری سەرەتای مانگی نۆی ئەم ساڵ بەنیازم پیشانگایەكی تایبەتی بەخۆم بكەمەوە،لە ڕووی نووسینیشەوە لە ئێستادا،دیوانێكی تری شیعریم ئامادەیە نیازم وایە لە ساڵی نوێ 2024دا چاپ و بڵاوی بكەمەوە.
*ئێمە زۆر سوپاسی بەرێزتان دەكەین هیوای بەردەوامی و سەركەوتنتان بۆ دەخوازین.
- منیش زۆر سوپاسی ئێوە دەكەم و ئە وشیعرەی خۆم پێشكەش بە خوێنەرانی بەرێز دەكەم.


‎بۆ لە بیركردنت...
‎تا بتوانم جارێكی تر ھەناسە بێ تۆ ھەڵمژم 
‎تاكو حەزو خۆشەویستیت لەناو ڕۆحمدا بكوژم
‎تا فرمێسكی بێنازی من واز لە چاوانم بهێنێ
‎هیچكە شەوان خەونەكانم خەوەكانم نەتارێنێ
‎ئیتر ڕەشماری ناپاكیت قەفی لەڕۆحم بترازێ
‎نێرینەییت باییت نەكا و بەئەشكی مێدا بنازێ
‎لەحەسرەتی بێنازیمدا دەستی نزام لەئاسمان بێ
‎بەختەوەریت لەناو كڵپەی گڕو دووكەڵی سووتان بێ
‎ئیتر دەستی ژنێكیتر بە ناو زووخاودا وەرنەدەی
‎سەگی ڕۆحی نهێنگرت بۆ باڵای هیچكەس بەرنەدەی
‎ببیتە پەندی زەمان و لەبیر زەمەن بچیتەوە
‎تۆش وەكو من ئاهو ناڵەی سەرگەردانی بچڕیتەوە

 

هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس 

 

کولتوور و هونه‌ر هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.