Erbil 8°C چوارشەممە 27 تشرینی دووەم 13:43

ئەنجومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان تواناى پزیشکان بۆ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بەرز دەکاتەوە

کوردستان TV
100%


ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشكییەكان، یەكەم دامەزراوەی ڕاهێنان و خوێندنی پزیشكیی وەزارەتی خوێندنی باڵایە متمانەی نێودەوڵەتی بە دەست هێنابێت؛ لە مانگی تشرينى يەكەمی ساڵی 2021 دەستی بە كار كردووە و ئامانجی سەرەکیی ئەو ئەنجومەنە ڕاهێنان و خوێندنی زیاتری پزیشکییە بۆ پسپۆڕان، تا تواناکانیان بگاتە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و لە کەرتی تەندروستیدا بەکارى بهێننەوە.

ناساندنی ئەنجوومەنی باڵای كوردستان لە دامودەزگا جیهانییەکان
د.ئاریانا خاڵس بەرزنجی، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشكییەكان، زانیاریی زیاتری لەسەر كار و ئامانجی ئەنجوومەنەكە خستەڕوو و گوتی: "ئەم متمانەیە بۆ ناساندنی ئەنجومەنی باڵای كوردستان لە دامودەزگا جیهانییەکانە، بۆ ئەوەی ڕاهێنان و تاقیكردنەوەكانمان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بن، تا پزیشك و ڕاهێنراوەكانمان، لەسەر ئاستی پێشكەوتنی جیهانی و بۆ ڕاهێنان و متمانەوەرگرتن بەشدار بن و ببنە هاوەڵی بڕوانامەی ئوردنی، ئەمەش خۆى لە ڕاهێنانی جۆراوجۆردا دەبینێتەوە".

پرۆگرامەكان لە تەواوی هەرێمی كوردستانن
پێشتر شاندێكی پزیشكی بۆ ئەم مەبەسەتە لە وڵاتی ئوردنەوە هاتە هەرێمی كوردستان و لەبارەی كاری شاندەكە و هەڵسەنگاندنیان بۆ نەخۆشخانەكانی هەرێم، د.ئاریانا، گوتی: "پرۆگرامەكانمان لە هەر سێ پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك بە پێی ستاندارد و پێڕەوی تایبەتی ئەنجومەنی پزیشكی ئوردنی هەڵدەسەنگێنرێت، بۆ ئەم مەبەستەش شاندە پزیشكییەكە، كە پێكهاتبوون لە 6 ڕاگری كۆلێژە پزیشكییەكانی وڵاتی ئوردن، سەردانی كوردستانیان كرد، هەفتەیەك مانەوە و هەڵسەنگاندنێكی زۆر وردی سەنتەرەكانی ڕاهێنانیان كرد، توانیمان بە پێی پەیڕەوەكانی خۆیان، كە پەیڕەوی ستانداری جیهانیین، متمانە بۆ چەند نەخۆشخانە لە تەواوی هەرێمی كوردستان وەربگرین".

نۆ نەخۆشخانەی هەرێم متمانەیان پێ درا
د.ئاریانا راشیگەیاند:"ئەو نەخۆشخانانەی لە هەرێمی كوردستانیش متمانەیان پێدرا، بریتی بوون لە، نەخۆشخانەی ڕزگاری، ئافرەتان و لەدایكبوون و منداڵان لە شاری هەولێر، لە سلێمانی نەخۆشخانەی شار، ئافرەتان و نەخۆشخانەی دكتۆر جەمال، لە دهۆكیش نەخۆشخانەی شار، هێڤی، ئافرەتان و لەدایكبوون و ئازادی بوون".

متمانە بۆ چەندین پرۆگرام وەردەگیرێت
سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای كوردستان ئاماژەی دا "كاری ئەنجومەنەكە بە سێ قۆناخ تێپەڕیوە، قۆناغی یەكەم، كە هەڵسەنگاندنی سەنتەرەكانی ڕاهێنانبوون، بەدوای ئەودا قۆناخی دووەم دێت، كە بەشداری كارایە لە ئەنجامی تاقیكردنەوەی كۆتایی و لەم قۆناخەشدا، 40 پسپۆڕ بە 16 پڕۆگرامی تایبەت ئاشنا کران، بە شێوەیەكی كارا لە هەردوو بەشەكانی تاقیكردنەوەی تیۆری و كرداریدا، ئەمەش لە ڕێگای بەشداریی كارا لە ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی كۆتاییی دەرچووانی ڕاهێنراوان بوو، لە قۆناخی سێیەم و كۆتاییدا، كە هەڵسەنگاندنی پرۆگرامی تاقیكردنەوەیە، شەش پرۆگرامی سەرەكیی تاقیكردنەوە بوو، ئەوەش لە مانگی نیسانی ئەمساڵ کرا و هەر شەش پرۆگرام توانیان متمانە وەربگرن".

سوودەكانی متمانەبەخشین بۆ كەرتی تەندروستی
لەبارەى سوودەكانی متمانەبەخشین بە كەرتی تەندروستی، د.ئاریانا، ئاماژەی بەوە دا: "ستاندەرەكانی ڕاهێنان لە نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان، بووە بە پێوەر و ستانداردی جیهانیی، پسپۆرییە پزیشكییەكان دوای راهێنان و دەرچوونیان لە تاقیكردنەوەكان، سوودیان بۆ نەخۆش و كەرتی تەندروستی دەبێت، لەبەر ئەوەی ئاستیان بە پێی پێڕەو و ستانداردەكانی جیهانیین".
ئەنجومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان، یەكەم دامودەزگای میریی پزیشكییە توانیویەتی متمانە لەسەر ئاستی عێراقدا وەربگرێت و بەهۆیەوە تواناى پزیشکان لە هەرێمی كوردستان بۆ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بەرز دەکاتەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.