لەنزیک گەڕەکی دۆمیزی کەرکووک هێزە ئەمنییەکان تەقە لە دوو گەنجی کورد دەکەن، لە ئەنجامدا کەسێیان گیانی لەدەست دەدات و گەنجەکەی دیکە بریندارە.
ئەمشەو هەینی 28ـی 07ـی 2023 لەبارەی ڕووداوی کوژرانی گەنجێک لە کەرکووک هەڵۆ جەباری پەیامنێری (کوردستان تیڤی) پێی ڕاگەیاندین: لەنزیک گەڕەکی دۆمیزی شاری کەرکووک دوای ئەوی هێزەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە کەرکووک بازگەیەکیان دانا بۆ پشکنین، لەو کاتەدا دوو گەنجی کورد بە ماتۆڕسکیلەوە چوونەتە ناو مەفرەزەکە و داوایان لێکراوە لە ماتۆڕسکیلەکە دابەزن، یەکێکیان دائەبەزێت و ئەوی دیکەیان جوڵە بە ماتۆڕەکە دەکات، بۆ ئەوەی ڕایگرێت.
ڕاشیگەیاند: لەو کاتەدا هێزە ئەمنییەکە تەقەیان لیدەکەن و یەکێک لە گەنجەکان گیانی لەدەست داوە تەرمەکەی بۆ نەخۆشخانەی ئازادی کەرکووک گواستراوەتەوە، گەنجەکەی دیکەش بەسەختی برینداربووە و ڕەوشی تەندروستی ناجێگیرە.
پەیامنێرمان سەبارەت بە ناسنامەی ئەو گەنجانە، ئاشکرای کرد کە گەنجێکیان خەڵکی شاری هەولێرە و گەنجەکەی دیکەش خەڵکی کەرکووکە و دانیشتووی گەڕەکی فەیلەقە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.