Erbil 30°C دووشەممە 16 ئەیلوول 21:54

سەرۆکی هەرێمی کوردستان وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکات

کوردستان TV
100%

شاندێکی باڵا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەردانی هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکان دەکەن، پاش کۆکردنەوەی بیروڕاکانیان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فه‌رمانى ھەرێمی بۆ دەستنیشانکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەردەکات.

دڵشاد شەهاب گوته‌بێژى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان ڕایگەیاند: لەسەر فەرمانی نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و بەمەبەستی وەرگرتنی بیروڕا بۆ دەستنیشانکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشه‌ممه 26ـی 07ـی 2023 شاندێکی باڵا لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، بەرنامەی زنجیرەیەک سەردانیان بۆ لای حزب و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دەستپێکردووە کە تیایدا بیروڕای حزب و لایەنەکانیان بۆ دياريكردنى وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەرگرتووە.

ڕاشیگەیاند: ھێز و لایەنە سیاسییەکان پێشوازییان لەو ھەنگاوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کردووە و ئامادەییان بۆ پشتیوانیکردن لە ھەنگاوەکە و پاڵپشتیان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، نیشان داوە.

دڵشاد شەهاب هەروەها باسی لەوەش کرد کە لە دیدارەکانیاندا حزب و لایەنەکان ھەوڵەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیان لەپێناو یەکڕیزيی ناوخۆیی و یەکھەڵوێستی و یەکگوتاريی سیاسی لە ئاست پرسە چارەنووسسازەکاندا، بە گرنگ و خەمخۆرانە وەسف کردووە.

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ئەنجامی کۆتایی بەرنامەی سەردانەکانیش گوتی: سەردانی ھەموو حزب و لایەنەکان دەکەین و پاش کۆکردنەوەی بیروڕاکانیان، نێچيرڤان بارزانى فه‌رمانى ھەرێمی بۆ دەستنیشانکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەردەکات.

جێی باسە، پاش ئەوەی بە بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیاری درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ھەڵوەشێنرایەوە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەوڵەکانی بە ئاراستەی پڕکردنەوەی بۆشایيی یاسایی لە ھەرێمی کوردستان و ئامادەسازی بۆ سازدانی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان دەستپێکرد.

لەو چوارچێوەدا کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی لە عێراق بانگھێشت کرد تاوەکو بە زووترین کات ئامادەکاری بۆ سازدانی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان بکرێت و وادەیەک بۆ سازدانی ھەڵبژاردنەکە دەست نیشان بکەن.

ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانیش لە عێراق، ئامادەییان نیشان دا کە ئەوان لە 18ـی 02ـی 2024 به‌سەرەوە، توانای سەروکاریکردنی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکەیان ھەیە و به‌ر لەو وادەیە لە توانایاندا نیيە سەروکاریی ئەو ھەڵبژاردنە بکەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.