Erbil 24°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 02:32

مردنی منداڵان لە هەرێم بەرەو کەمبوونەوەیەکی زۆر ڕۆیشتووە

کوردستان TV
100%


ساڵ بە ساڵ لە هەرێمی کوردستان، مردنی دایکان و منداڵان کەمی کردووە، بە جۆرێک لە ساڵی 2011 تا 2022، مردنی دایکان و منداڵان تا ئاستی خوارووی جیهانی دابەزیوە. لە کاتێکدا لە وڵاتانی دواکەوتوو، یەکێک لە کێشە تەندروستییەکان، بەرزیی ڕێژەی مردنی دایکان و منداڵانە. لە بەرانبەردا، لەو وڵاتانەى گەشەپێدانی بەردەوامیان هەیە و کەرتی تەندروستییان پێشکەوتووە، ڕێژەى مردنی دایکان و منداڵان زۆر کەمترە.

دابەزینی مردنی دایکان لە هەرێمی کوردستان
بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، تەنیا لە ساڵی 2020دا، نزیکەى287 هەزار دایک لە کاتی منداڵبوون (یان 42 ڕۆژ دواى کاریگەرییەکانی منداڵبوون) گیانیان سپاردووە. ڕێژەى 95%ى ئەو مردنەش لەو وڵاتانە بووە، کە داهاتی نزم و مامناوەندیان هەیە و کەرتی تەندرووستییان وەکوو پێویست نییە. 87% ى ڕێژەى ئەو مردنەش، لە وڵاتانی باشووری ئەفریقا و باشوورى ئاسیا بووە.
هەر بە پێی ڕاپۆرتى ڕێکخراوى تەندروستیی جیهانی، لە وڵاتانی دواکەتوودا، بۆ هەر 100 هەزار دایکێك لە ساڵی 2020دا، نزیکەى 430 دایک مردوون، بەڵام لە وڵاتانی پێشکەوتوودا بۆ هەر 100 هەزار دایک، 12 دایک مردوون. لەسەر هەمان بنەما، بە پێی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2021، بۆ هەر 100 هەزار دایکێک لە هەرێمی کوردستان، 23 دایک مردوون و لە ساڵی 2022 ڕێژەکە زیاتر دابەزیوە و بۆ هەر 100 هەزار دایکێک 16 دایک گیانیان سپاردووە. بەو پێیەش هەرێمی کوردستان لەم ڕووەوە ڕێژەى مردنی دایکانی لە هەریەک لە وڵاتانی وەکوو سعودیە، تورکیا، سوریا، میسر، ئەردەن، عێراق کەمترە و لە پێوەرى وڵاتانی زۆر پێشکەوتوو لە کەرتی تەندروستی و گەشەپێدانی مرۆیی نزیک بووەتەوە.
مەترسیدارترین هۆکارەکانی مردنی دایکان لە کاتی سکپڕی، منداڵبوون یان لە دواى کاریگەرییەکانی منداڵبوون، بریتین لە خوێنبەربوونی توند، هەوکردن، بەرزەفشارى خوێن، لەبارچوون. لەم ڕووانەوە کەرتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە نەخۆشخانەکانی دایکانەوە، پێهەستانێکی کارایانەیان لە تۆمارکردنی نزمترین ڕێژەى مردن لە ساڵی 2022 بینیوە و ڕۆڵیان لە پاراستنی ڕێژەیەکی بەرزی گیانی دایکان هەبووە.

مردنی منداڵان لە هەرێم بەرەو کەمبوونەوەیەکی زۆر ڕۆیشتووە
پێنوێنێکی دیکەى پێشکەوتنی کەرتی تەندروستی و گەشەپێدانی مرۆیی، بریتییە لە ڕێژەى مردنی منداڵانی تازە لەدایکبوو و منداڵانی خوار یەک ساڵی و منداڵانی خوار 5 ساڵ.
بە پێی ڕاپۆرتى ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، مانگی یەکەمی ژیانی منداڵی لەدایکبوو، لاوازترین ماوەى تەندروستییەتی؛ لە ساڵی 2020، نزیکەى 2.4 ملیۆن منداڵی تازەلەدایکبوو لە جیهاندا گیانیان لە دەست داوە. زۆرترین ڕێژەى مردنی منداڵانی تازەلەدایکبوو لە وڵاتانی باشوورى کیشوەرى ئەفریقا، بۆ هەر 1000 منداڵێک 27 منداڵ بووە. دواتر ناوەڕاست و باشوورى ئاسیا بۆ هەر 1000 منداڵێک، مردنی23 منداڵ بووە و پلەى دووەمی گرتووە.
بە پێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە 10 ساڵی ڕابردوودا (2011-2022)، ڕێژەى مردنی منداڵان بە بەردەوامی کەم بووەتەوە، بە جۆرێک لە ساڵی 2022 گەیشتووەتە نزمترن ئاستی خۆی.
لە ساڵی 2011، ڕێژەى مردنی منداڵانی خوار 5 ساڵ، بۆ هەر 1000 منداڵێک، 32 منداڵ بووە، مردنی منداڵانی خوار یەک ساڵییش، بۆ هەر 1000 منداڵێک، 28 منداڵ بووە، هەروەها بۆ منداڵانی خوار یەک مانگی، بۆ هەر 1000 منداڵێک، 21 منداڵ بووە.
بەڵام لە ساڵی 2022، ئاماری مردنی منداڵان بەهۆى پێشکەوتنی زیاتری کەرتی تەندروستی و نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان، زۆر دابەزیوە؛ مردنی منداڵانی خوار 5 ساڵ بۆ هەر 1000 منداڵێک، 10.2 منداڵ بووە، مردنی منداڵانی خوار یەک ساڵی، بۆ هەر 1000 منداڵێک، 8.7 بووە، مردنی منداڵانی خوار یەک مانگییش بۆ هەر 1000 منداڵێک، 5.8 منداڵ بووە.
لەو چوارچێوەیەدا، بە پێی ئاستی جیهانی (کە بۆ هەر 1000 منداڵێک، مردنی 18 منداڵ بووە)، هەرێمی کوردستان 5.8 ى تۆمار کردووە، بەوەش ڕێژەى مردنی منداڵانی لە پێش وڵاتانی وەکوو بەحرێن، ئێران، عێراق و یەمەنەوەیە و لە ڕێژەى قەتەر و ئیماراتەوە زۆر نزیکە.
لە بارەى مردنی منداڵانی خوار 5 ساڵی، ئاستی جیهانیی مردنی منداڵان (کە بۆ هەر 1000 منداڵێک، 37.7 منداڵ بووە)، هەرێمی کوردستان لە 2022، مردنی 10.2 منداڵی بۆ هەر 1000 منداڵێک تۆمار کردووە، بەوەش زۆر لە ئاستی جیهانییەوە کەمتر بووە و لە خوار وڵاتانی ئەردەن و عێراقەوەیە.
هۆکارى سەرەکیی مردنی منداڵانى تازە لەدایکبوو و منداڵانی یەک ساڵی تاکوو 5 ساڵی، بە گشتی بریتییە لە لەدایکبوونی پێشوەختە، هەوکردنی سییەکان، سکچوون، کەموکوڕی لە پرۆسەى لەدایکبوون، مەلاریا، بەدخۆراكی، خنکان و کێشەى هەناسەدان.
لەم ڕووەوە، کەرتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بوارى لەدایکبوون و چاودێریی منداڵاندا، ڕۆڵی بەرچاوى بینیوە، تا بەپێی ستاندارە نێودەوڵەتییەکان و تازەترین پێشکەوتن، ژیانی زۆرترین منداڵ بپارێزێت.


ژێده‌ر - فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری 
دانانی هه‌واڵ - شوان عه‌زیز

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.