Erbil 7°C چوارشەممە 27 تشرینی دووەم 23:48

لەبەرامبەر هاوکارى کردنى کەمئەندامان، وەزیرى کار سوپاسى وەزیرى خوێندنى باڵا دەکات

کوردستان TV
100%


لەبەرامبەر هاوکارى کردنى کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و کورتەباڵاکان، وەزیرى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى سوپاس و پێزانینى وەزارەتەکەى ئاراستەى د.ئارام محەمەد کرد و ڕایگەیاند ''بەهەند وەرگرتن و لەبەرچاو کردنى داوا و داخوازییەکانى کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت لە پڕۆسەى خوێندنى باڵا (ماستەر/ دکتۆرا) جێگەى پێزانینى وەزارەتەکەمان و خانەوادەى کەسانى خاوەن پێداویستییەکانە.''

رۆژی سێشەممە 25ی تەممووزی 2023، د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازى لە کوێستان محەمەد، وەزیرى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد.

لە وتەیەکدا وەزیرى کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تیشکى خستەسەر ئەو هەماهەنگى و کارە هاوبەشانەى لە نێوان هەردوو وەزارەت دا هەن و بە گرنگییەوە باسى لەو هاوکاریانە کرد کە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕێگەى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتىیەوە بۆ سودمەندانى وەزارەتەکەى کردوە لەوانەش لێخۆشبوون لە کرێى خوێندنى سزادراوان و کەمکردنەوەى ڕێژەى کەمئەندامى کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت بۆ ڕێژەى (٧٠%) و دابین کردنى کورسى خوێندن بۆیان و وەرگرتنیان بەشێوەى خۆڕایى.

کوێستان محەمەد ڕایگەیاند: ''وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کار ئاسانى زۆر باشى بۆ داوا و داخوازییەکانى خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کردوە و کارەکانیان بۆ ئێمە جێگەى دەستخۆشییە و پێشکەشکردنى ئەو خزمەتگوزارییانە بۆ هەمومان جێگەى شانازییە.''

لەبەرامبەردا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند:''ئەوەى کراوە لەچوارچێوەى بنەما زانستییەکان و جێبەجێ کردنى بنەماى شەفافیەت و دادپەروەرى و هەلى یەکسان بووە بۆ پڕۆسەى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان و کەمکردنەوەى ڕێژەى کەمئەندامى بۆ (70%) بە ڕاستاندنى وەزارەتى کار لەو پڕۆسەیە جۆرێکە لە هاوکارى و لەبەرچاو گرتنى دۆخى کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت، لەو ڕوانگەیەوەش ئەنجومەنى وەزارەتمان ئەو بڕیارەى دەرکردوە.''

لەبارەى هاوکارییەکانیش بۆ کەسانى خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و سەرجەم ئەو کەس و لایەنانەى کە بەپێى بڕیارەکانى وەزارەت سوودمەند دەبن وتى: ''ئێمە لەچوارچێوەى خزمەتکردنى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان و بارودۆخى ئێستاى هەرێمی کوردستان، بە لەبەرچاوگرتنى بنەما زانستییەکان، بڕیارەکان لە ئەنجومەنى وەزارەت دەردەکرێن و ئەو بڕیارانەشى بۆ کەسانى خاوەن پێداویستى دراون لەو چوارچێوەیەدابوون.''

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.