Erbil 1°C پێنجشەممە 28 تشرینی دووەم 05:43

بەڵێنێکی دیکەی سەرۆکی حکوومەت بۆ خەڵکی کفری جێبەجێ دەکرێت

کوردستان TV
100%

دوای ڕاگەیاندنی پڕۆژەکان لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ قەزای کفری، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی کردەوە کە بە زووترین كات دەست بە لێدانی پێنج بیری ئاو بۆ شاری كفری دەكرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی 07ـی 2023 لە ڕاگەیەنراوێک وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی هاووڵاتییانی شاری كفری، لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە گوژمەی 400 ملیۆن دینار و بە زووترین كات دەست بە لێدانی پێنج بیری ئاو بۆ شاری كفری دەكرێت.

ڕاشیگەیاند: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت، ئەمڕۆ ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ڕاسپارد بەشێوەیەكی مەیدانی لە ماوەیەكی زوودا دەست بە كارەكانی لێدانی ئەو بیرانە بكرێت.

سەبارەت بەم بابەتە هەر ئەمڕۆ ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەمەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی لێدانی پێنج بیری ئاوی خواردنەوە كە لە چەند رۆژی ڕابردوودا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا بۆ هاووڵاتییانی شاری كفری جێبەجێ بكرێت، ساسان عەونی لەگەڵ هەر یەكە لە ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و هەڤاڵ خدر بەڕێوەبەری گشتیی دیوان، كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و دیوانی وەزارەتی ڕاسپارد بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و شاری كفری، بەزووترین كات دەست بكرێت بە جێبەجێكردنی پرۆژەی لێدانی ئەو پێنج بیرە بۆ دانیشتووانی شاری كفری لە ئیدارەی گەرمیان. ساسان عەونی، وێڕای ڕاسپاردنیان، گوتیشی: دەبێت بەشێوەیەكی مەیدانی چاودێریی جێبەجێكردنی پرۆژەی لێدانی ئەو پێنج بیرە بكەن و لە ماوەیەكی كەمیشدا تەواو بكرێن و بكەوێتە خزمەتی هاووڵاتییانی شاری كفری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان.

ڕۆژی سێشەممە 18ـی 07ـی 2023 پێشه‌وا هه‌ورامانی گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا بۆ خەڵکی کفری ڕایگه‌یاند: ئێوە پاڵپشتیی سەرۆک وەزیرانتان هەیە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانتان، ڕاستەوخۆ جێبەجێ دەکرێن و پارە بۆ پڕۆژەکان دابین کراوە.

گوتەبێژی حکوومەت گوتی: مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە خەرجکردنی بڕی 300 ملیۆن دینار، وەک هەنگاوی یەکەم بۆ نۆژەنکردنەوەی (16) قوتابخانە لە شارۆچكه‌ی کفری.

گوتیشی: سه‌رۆكی حكوومه‌ت بڕیاری داوه‌ 24 تیپی میللی لە کفری تەواوی پێداویستیان بۆ دابین بكرێت بۆ ئەوەی بواری وەرزش له‌ شارۆچكه‌كه‌ پەرەی پێ بدرێت.

هەروەها ڕایگەیاند: مه‌سرور بارزانی هه‌روه‌ها بڕیاری دا 3 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن بۆ کفری بنێردرێت تاوەکو لە کەرتی تەندروستی خزمەتی هاووڵاتییان بکەن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ لێژنەیەک ڕاسپێرداراوه‌ و دەیانەوێ بە مەیدانی بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانی خەڵکی کفری بکەن لە بواری تەندروستییه‌وه‌.

هه‌ر له‌ درێژه‌ی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ هاووڵاتییانی كفری، پێشه‌وا هه‌ورامانی ئاماژەی بەوە دا کە بڕیار دراوه‌ 5 بیری ئاوی پاکی خواردنەوە لێ بدرێن بۆ ئەوەی کێشەی كه‌مئاوی هاووڵاتییان چارەسەر بکرێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ مۆڵه‌تدان به‌ كۆمه‌ڵێک كارگه‌ له‌ سنووری شارۆچكه‌كه‌ بۆ ڕه‌خساندنی هه‌لی كار بۆ هاووڵاتییان.

هاووڵاتییانی شاری كفری له‌ گردبوونه‌وه‌كان داواكاری ڕاسته‌وخۆیان له‌ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت كردبوو بێته‌ هانایان بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆخی خراپ و ناله‌باری شاره‌كه‌یان.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ سه‌رۆكی حكوومه‌ت ڕۆژی یه‌كشه‌ممە 16ـی 07ـی 2023 له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا بۆ هاووڵاتییانی شاری كفری به‌ڵێنی دا به‌زوویی به‌دواداچوون بۆ داواكارییه‌كانیان بكات و ئه‌وه‌ی له‌ توانایدا هه‌بێت بۆ خزمه‌تییان درێغی نه‌كات.

مه‌سرور بارزانی ڕایگه‌یاندبوو "هاووڵاتییانی خۆشەویستی کفری، سڵاو و رێزم هەیە بۆتان. لە داواکارییەکانتان ئاگادارم و بە دەستم گەیشتوون".

ڕاشیگه‌یاندبوو "بڕیارم داوە لیژنەیەکی تایبەت لە نوێنەرانی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان پێکبهێنرێت و بەزوویی بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانتان بکرێت".

مه‌سرور بارزانی به‌ڵێنیشی به‌ هاووڵاتییانی شاری كفری دابوو كه‌ "دڵنیابن ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتتان درێغی ناکەین و بە رۆحییەتێکی گەرمیانییانەوە لەگەڵتان دەبم".

ڕۆژێک دوای به‌ڵێنه‌كه‌، سه‌رۆكی حكوومه‌ت ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی كفری دا و به‌مه‌ش یه‌كه‌م داواكاری هاووڵاتییانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ كه‌وته‌بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

له‌ نووسراوێكی به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت كه‌ ئاراسته‌ی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار كرابوو‌، هاتبوو "مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت ڕه‌زامه‌ندن به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی كفری له‌ شاره‌وانی پله‌ (دوو) بۆ شاره‌وانی پله‌ (یه‌ک) به‌پێی مادده‌ی ده‌یه‌م له‌ یاسای به‌ڕێوه‌به‌ردنی شاره‌وانییه‌كان ژماره‌ 6ـی ساڵی 1993ـی هه‌مواركراو."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.