لە کۆبوونەوەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، جەخت کرایەوە کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ڕاوێژکردن، یارمەتیدان و بەهێزکردنی پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە.
بە ئامادەبوونی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، کۆبوونەوەی دەوری وەزارەتی پێشمەرگە، لەبارەی پێشکەوتن و بەهێزبوونی وەزارەتی پێشمەرگە وەک لە خاڵەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ساڵی 2022ـی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە هاتووە بەڕێوەچوو.
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند: هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دانی بەو پێشکەوتنە بەرچاوانە داناوە، کە لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە بەدەستهاتووە، بۆ باشترکردنی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ و شەفافیەتی دارایی، لەگەڵ ئەوەشدا ئامانجی بنچینەیی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا، کە بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە بەهێواشی بەڕێوە دەچێت.
ڕاشیگەیاند: هاوپەیمانان چاوەڕوانن، کە هەرێمی کوردستانی عێراق ویستی سیاسی نیشان بدات بۆ جێبەجێ کردنی چاکسازییەکان، پێش پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی ساڵانە، کە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا دەکرێت، بەتایبەت لە دانانی وەزیرێکی کاتی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە.
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش داوە کە لە کۆبوونەوەکە دووپات کرایەوە، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبن لە ڕاوێژکردن و یارمەتیدان و بەهێزکردنی پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ دڵنیابوون لە شکستپێهێنانی تەواوەتی داعش.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.