سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندیی دا لەسەر تەرخانکردنی نزیکەی 3 ملیار دینار بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ تووشبووانی تالاسیميا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ یەکشەممە 23ـی 07ـی 2023 لە ڕاگەیەنراوێک فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە سۆنگەی بەرپرسیاریەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرانبەر بە دۆخی تەندروستیی تووشبووانی تالاسیميا، لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندیی دا لەسەر تەرخانکردنی بڕی 2 ملیار و 871 ملیۆن و 698 هەزار دینار، بە مەبەستی دابینکردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ تووشبوانی تالاسیميا لە پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک).
ڕاشیگەیاند: بە جۆرێک بڕی ملیارێک و 66 ملیۆن و 375 هەزار دینار بۆ پارێزگای هەولێر، ملیارێک و 66 ملیۆن و 375 هەزار دینار بۆ پارێزگای سلێمانی، 738 ملیۆن و 948 هەزار دینار بۆ پارێزگای دهۆک.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەش دا کە ئەم گوژمەیە لەسەر بودجەی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەڕایەتیی گشتیی پەیوەندیدار بە پارێزگاکە خەرج دەکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.