Erbil 5°C پێنجشەممە 28 تشرینی دووەم 09:39

هۆكاری دووباره‌ سزادانی شێروان شێروانی له‌لایه‌ن دادگه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ ئاشكرا ده‌كرێت

کوردستان TV
100%

زانیاری له‌سه‌ر هۆكاری دووباره‌ سزادانه‌وه‌ی شێروان شێروانی به‌ چوار ساڵ زیندانیكردن له‌لایه‌ن دادگه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ ئاشكرا كرا و ئاماژه ‌به‌وه‌دراوه‌ كه‌ ناوبراو له‌نێو گرتووخانه‌ كاری ته‌زویری به‌ڵگه‌نامه‌كانی كردووه‌ و له‌لایه‌ن دادگاشه‌وه‌ به‌ڵگه‌ی ته‌واوی ته‌زویركردنه‌كه‌ سه‌لمێنراوه‌.

ڕێکەوتی 21ی تەمموزی 2023 ریکخراوی کۆمیتەی بەرگریکردن لە رۆژنامەنووسان CPJ راپۆرتێکی بڵاوکردەوە دەربارەی دادگاییکردنی ڕۆژنامەنووس (شێروان شێروانی) لە راپۆرتەکەیدا تۆمەت ئاراستەى هەرێم دەکات لەسەر ڕێکارە یاساییەکان و پڕۆسەی دادگایی کردنەکە.

نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێم ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە کە ئەمەش دەقەکەیەتی:-

دواى ئەوەى هەریەکە لە سزادراوان (ئەیاز کەرەم رەشید، هاریوان عیسا محه‌مه‌د، شێروان ئەمین نعو، شڤان سعید عمر، گوهدار محمدامین) داواکارییەکیان پێشکەش کرد بۆ پێدانى ئازادکردنى بە مەرج (افراج شرطى) لە دواى داواکارییەکەیان دەست بە ڕێکارەکان کرا بۆ پێدانى ئازادبوونى بە مەرج.

دواتر سزادراو شێروان امین نعو داواکارییەکى پێشکێشى توێژەرى کۆمەڵایەتى کرد بە ناوى پێنج سزادراو بە مەبەستى ڕاگرتنى ئازادکردنی بە مەرج (افراج شرطى) کە پێشتر سزادراوەکان داوایان کردبوو وە بۆ ئەم مەبەستەش پەنجەمۆریان کردووە.

توێژەرى کۆمەڵایەتى داواکارییەکەى بەرزکردەوە بۆ بەڕێوەبەرى چاکسازى گەوران، لەلاى خۆیەوە بەڕێوەبەرایەتى چاکسازى گەوران ئەم داواکارییەى ناوبراوى ئاراستەى بەشى یاسا و داواکارى گشتى لە چاکسازییەکەى کرد سەبارەت بە پاشگەزبوونەوەیان لە داواکردنى ئازادبوونى بە مەرج.

هەردوو سزادراو (شڤان سعید عمر و گوهدار محمد امین) بێ ئاگایی خۆیان لەو داواکاری پەنجەمۆر راگەیاندووە واتە کەسی تر لەجیاتی ئەوان پەنجەمۆریان کردووە، بۆیە چاکسازی گەورانی هەولێر داوای کردووە کە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێتە بەر کە ئەم کارەیان ئەنجامداوە.

دوای وردبینی لە کەیسەکە داواکاری گشتی بەپێی بەپرسیاریەتی و ئەرکی خۆی لە پاراستنی مافی گشتی رێکاری یاسایی ئەنجامداوە بەرامبەر ئەو کەسەی بەم کارە هەستاوە و داوای جوڵاندنی کەیسەکەی لە دادگای لێکۆڵینەوەی دەشتی هەولێر کردووە.

لە لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لە دادگای لێکۆڵینەوەی دەشتی هەولێر نوێنەری یۆنامی، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، داواکاری گشتی و چەند پارێزەرێکی (شێروان شێروانی) ئامادە بوون، بەپێی مادده (289-298 ) لە یاسای سزای عێراقی ژمارە ( 111 )ی ساڵی ( 1969 )ی هەموارکراو وتەی (شێروان ئەمین نعو ناسراو بە شێروان شێروانی) وەرگیراوە.

بە پشتبەستن بە هەبوونی بەڵگەی پێویست دۆسییەکە ڕەوانەی دادگای تاوانی سێى هەولێر کراوە، دوای تەواوبوونی سەرجەم رێکارەکان تۆمەتی تەزویرکردن و بەکارهێنانی دەقی تەزویرکراو ئاڕاستەی گومانلێکراو (شێروان شێروانی) کرا.

دواتر دادگا گوێبیستی داواکاری و خواستی داواکاری گشتی لە دادگای تاوانی سێى هەولێر بوو و داوکرا کە پاڵپشت بە ماددە ( 142 ) لە یاسای سزاکان وەسفی تاوانەکە لە ( 298/289 ) بکرێتە ( 298/295 )ی یاسای سزاکان و تۆمەتی ئاڕاستە کراوە.

بەڵگەی تاوان سەلمانوویەتی کە داواکاری پەشیمان بوونەوە بە دەست و خەتی (شێروان شێروانی) نووسراوە و پەنجەمۆری لەسەر ناوی (گوهدار محمد امین) کردووە واتە نووسراوی ئاسایی (محرر عادی) تەزویر کردووە و بەکاریشی هێناوە کەواتە تاوانی ئەنجامداوە و لە قۆناغی دادگاییکردنیش سەلمێندراوە، واتە (دليل و قرينە) هەیە و بەپێی یاسای بنەمای سزایی ئیدانە دەکرێت.

پڕۆسەی دادگاییکردنەکە لە ڕێکەوتی (20ی تەمموزی 2023 بەڕێوەچوو و بڕیاردرا بە سزادانی (شێروان شێروان) بۆ ماوەی دوو ساڵ و شەش مانگ بەپێی ماددەی ( 295 ) لە یاسای سزادانی عێراقی بە تۆمەتی (تزویر المحررات العادیە)، هەروەها بۆ ماوەی یەک ساڵ و شەش مانگ بەپێی ماددەی( 298 ) لە یاسای سزادانی عێراقی بە تۆمەتی (استعمال محرر مزور) سزادرا.

واتە کۆی گشتی سزاکە چوار ساڵە و بڕیارەکەش لە روو ئاشکرا دەرچووە و قابیلی پێداچوونەوەیە.

بەپێی یاسا و بنەماکانی دادگای سزایی بریکاری لە نێوان سزادراوەکان و پەنجەمۆرکردن، یان واژووکردنی هەر داواکارییەکی کەسێک لە جیاتی کەسێکی تر و پێشکەشکردنی ئەو داواکارییانە ڕێگا پێدراو نییە و دژ بە یاسایە.

نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.